٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەغدا پابەندی هیچ رێككەوتنێك نابێت.. هەرێم لە فرۆشتنی نەوت پاشگەز نابێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- دوێنێ وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیاندا باسیان لە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا كرد، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت، هەرێمی كوردستان بڕیاری خۆی لەبارەی فرۆشتنی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ داوە و ئەگەر بەغدا بە تەواوەتی بەرێككەوتنەكە پابەند نەبێت، هەرێم بە ئاسانی لەو بڕیارە پاشگەز نابێتەوە.

(ئەردەلان نوورەدین) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی  عێراق لە فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هاتنی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان لە دوای ئەو بڕیارەی هەرێمی كوردستان دێت كە نەوتی خۆی بە شێوەیەكی سەربەخۆ فرۆشتووە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئەو پرسەوە بكەن، بەڵام هەرێمی كوردستان ئەم جارە بە ئاسانی لەو بڕیارە پاشگەز نابێتەوە، لەبەر ئەوەی بەغدا لە ماوەی رابردوودا پابەند نەبووە بە رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەر جارە و بەشێكی كەمی پارەی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە كردووە".
(نوورەدین) گوتیشی: "بوار بۆ گفتوگۆ ماوە و هەرێمی كوردستان هەمیشە دەرگای واڵایە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئەم جارە پێویستە بەغدا بە تەواوەتی پابەندی رێككەوتن بێت لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، ئەگەر نا هەرێم لە فرۆشتنی نەوتی خۆی بەردەوام دەبێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەیشی دا: "پێویستە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا جێبەجێ بكرێت یاخود رێككەوتنێكی نوێ بكرێت، بەڵام من پێم وا نییە بەغدا پابەندی هیچ رێككەوتنێك بێت و هەرێمیش بەردەوام دەبێت لە فرۆشتنی نەوتی خۆی و پاشگەز نابێتەوە".
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار