دیپلۆماتێكی فلیپینی ده‌یه‌وێ وڵاته‌كه‌ی سوود له‌ئه‌زموونی پێشمه‌رگه وه‌ربگرێت
__2015_07_26_h21m23s34__LB.jpg)
هه‌ولێر-KDP.info-هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی فلیپین له‌عێراقدا، باسى لە قارەمانێتى هێزەکانى پێشمەرگە کرد و رایگه‌یاند "وڵاته‌كه‌ی دەتوانێت سوود لە ئەزموونی پێشمه‌رگه وەربگرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەى گروپە تیرۆریستییەکاندا".
هه‌ڵسوڕینه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی فلیپین له‌عێراق (ئێلمێر کاتۆ) له‌میانی سه‌ردانی بۆ هه‌ولێر باسى لە قارەمانێتى هێزی پێشمەرگەی كوردستان کرد كه بوێرانه رۆڵێكی گه‌وره‌یان له‌شكستپێبردنی داعش له‌سه‌نگه‌ره‌كانی جه‌نگدا گێڕاوه و؛ ئه‌زموونی پێشمه‌رگه‌یشی له‌جه‌نگدا به‌نموونەیەک ناوبرد كه وڵاته‌كه‌ی دەتوانێت سوود لەو ئەزموونەدا وەربگرێت به‌تایبه‌ت لەڕووبەڕووبوونەوەى گروپە تیرۆریستییەکاندا.
بەهۆى سەقامگیرى هەرێمى کوردستان لە ڕووى ئاساییشەوە و ئەو پێشکەوتنە ئابوورییەى کە هەیەتی، (ئێلمێر کاتۆ) ئاماژه‌ییشی دا ئارەزووى تەواویان هەیە بۆ پەرەپێدانى پێوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان لەبوارەکانى ئابوورى، بازرگانى، خوێندن و تەندروستى و گوتیشی كه ئێستا پێزانینیان هه‌یه كه ژمارەیەکى بەرچاو لەهێزى کارى وڵاته‌كه‌یان لەهەرێمى کوردستاندا کاردەکەن.
ئه‌م گوتانه‌ی هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری باڵیۆزی فلیپین له عێراق، له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (فه‌لاح مسته‌فا)ـدا هات و له‌دیداره‌كه‌یشدا (فه‌لاح مسته‌فا) بەمەبەستى پەرەپێدانى پێوەندییە دووقۆڵیەکان داوای‌کرد فلیپین نوێنەرایەتى خۆى لەهەرێمى کوردستان بکاتەوە كه ئێستا 32 وڵات نوێنەرایەتى لە هەرێمى کوردستان هەیە.




