لە ماوەی ساڵێكدا داعش 64 مەزارگە، مزگەوت، پەرستگە و كڵێسای تەقاندووەتەوە

مووسڵ-KDP.info- رێكخراوی چاودێری بۆ هەڵمەتی میللیی نیشتمانی لە عێراق ئاشكرای دەكات، لەو كاتەوەی كە تیرۆریستانی داعش چوونەتە نێو شاری مووسڵەوە، 64 مەزارگە و پەرستگەیان تەقاندووەتەوە.
لە بەیاننامەیەكدا رێكخراوی چاودێری بۆ هەڵمەتی میللیی نیشتمانی لە عێراق رایگەیاندووە، ساڵێك لەمەوبەر تیرۆریستانی داعش دەستیان بە هەڵمەت و هێرشی بەربەری كرد بۆ سەر مەزارگە و شوێنە ئایینی و پەرستگەكان، لەوانەیش گۆڕی (یوونس پێغەمبەر) سەلامی خوای لەسەر بێت.
رێكخراوەكە ئاماژە بەوە دەدات، لە ماوەی ساڵێكدا تیرۆریستانی داعش 64 مەزارگە و مزگەوت و پەرستگە و كڵێسایان تەقاندووەتەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، گرووپە تیرۆریستییەكان، لە شاری مووسڵ و دەوروبەری دەستیان بە رووخاندنی سەرجەم ئەو شوێنەوارانە كردووە كە بە ئایین و ئایینزاكانەوە پەیوەست بوونە هەروەك ئەوەی بەرامبەربە ئێزدییەكان ئەنجامیان دا.
(محەممەد شەفیق) ئەندامی رێكخراوەكە، لە لێدوانێكدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراق كرد كە هەوڵەكانیان بۆ گرتنەوەی شار و ناوچەكانی ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش توندتر بكەن، تا بتوانرێت دووبارە پلانی بەپەلە بۆ بونیادنانەوەی مەزارگە و پەرستگە وێرانكراوەكان دابنرێت.
جێگای ئاماژەیە، لە 10ـی حوزەیرانی ساڵی 2014ـدا، تیرۆریستانی داعش شاری مووسڵ "ناوەندی پارێزگای نەینەوا"ـیان داگیر كرد.




