٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی هەرێم باوەڕی بە ڕێگەچارەی ئاشتیانە هەیە.. ٣٠ ساڵ شەڕ، تەنیا زیانی توركیا و پەكەكەی به دواوه بووه

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، ئەگەر توركیا و پەكەكە گوێڕایەڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بن، دەتوانن كێشەكانی نێوانیان چارە بكەن، بەڵام ئەم هێرشانە پرۆسەی ئاشتی بەرەو دواوە دەگەڕێنێتەوە.

دكتۆر (ساڵح مەلاعومەر) مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، بە KDP.infoـی راگەیاند: "هێرشەكانی ئەم دواییەی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر پەكەكە، كێشەكە گەورەتر دەكات، چونكە ماوەی دوو ساڵ بوو توركیا هەنگاوی دەنا بۆ ئەوەی كێشەی كورد لە رێگەی سیاسی و دیپلۆماسییەوە چارە بكات و، توانی هەنگاوی زۆر باش بنێت و كوردیش لە هەڵبژاردنەكاندا رێژەی ١٠%ـی دەنگەكانی بە دەست هێنا كە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی توركیادا دەكەن و، رەنگە لە داهاتوودا دەرفەتی زیاتر بۆ كوردەكان بڕەخسێت و كێشەكانیان بە شێوەی دیپلۆماسی و سیاسی چارە بكرێن، بەڵام ئەم هێرشانە پرۆسەی ئاشتی بەرەو دواوە دەگەڕێنێتەوە، چونكە ئەو ئەزموونە لە ماوەی ٣٠ساڵی رابردوودا تاقی كراوەتەوە و جگە لە زیانی دوولایەنە، هیچ دەرئەنجامێكی نەبووە، بەڵام گرتنەبەری رێگەی ئاشتیانە، سوودی دوولایەنەی تێدا دەبێت".

(ساڵح مەلاعومەر) گوتیشی: "سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت ئامادەیی خۆیان پێشان داوە بۆ ئەوەی وەكو لایەنی سێیەم ناوبژیوانی بكەن تا پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بەردەوام بێت، هەروەها ئەو قەیرانە تەشەنە نەكات و هەردوو لایەنیش بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، چونكە تاكە رێگایە بۆ چارەكردنی كێشەكان".

ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە، ئەو ڕستەیەی لە بەیاننامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بە كار هاتووە، (یەك ساڵ گفتوگۆكردن باشترە لەوەی یەك سەعات شەڕ بكرێت)، ئەمە حیكمەتێكی زۆر گەورەی تێدایە، كە نیشانی دەدات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك باوەڕی بەوە هەیە كە كێشەكان بە شێوەی ئاشتیانە چارە بكرێن".
هەروەها گوتی، ئەگەر دەوڵەتی توركیا و پەكەكە گوێڕایەڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بن، ئەو كێشەیە چارە دەكرێت، چونكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەسایەتییەكی دیار و گرینگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، دەتوانێ رۆڵێكی كاریگەر لە چارەكردنی ئەو كێشەیەدا ببینێت.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار