ئەمڕۆ ناوچە سنوورییەكان ئارامن

سیدەكان-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان دەڵێت، ئەمڕۆ ڕەوشی ناوچە سنوورییەكان ئارامە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ڕەوند و كۆچەرەكان دووچاری دڵەڕاوكێ بوون و ئەگەر تۆپباران بەردەوام بێت، ناچارن شوێنەكانی خۆیان جێ بهێڵن.
سیدەكان هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و توركیا و ماوەی چەندین ساڵە بە بیانووی هەبوونی بارەگای پارتی كرێكارانی كودستان لەلایەن توركیا و ئێرانەوە بۆردوومان دەكرێت، بەو هۆیەوە تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر گوند و ئاوایی ئاوەدان نەكراوەنەتەوە، كە ئەوەیش بووەتە مایەی زیانی گیانی و ماددی بۆ دانیشتووانی ناوچەكە، هەر بۆیەیش ژمارەیەكی زۆری گوندی سنوورەكەمان چۆڵ كراون و تا ئێستا ئاوەدان نەكراونەتەوە. بەڵام (كاروان كەریمخان) بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، بۆ KDP.info راگەیاند: "ئەمڕۆ ڕەوشی ناوچە سنوورییەكان ئارامە و دەنگی هیچ تۆپ و فڕۆكەیەكی جەنگی نابیسترێت."
(كەریمخان) گوتیشی: "ڕەوەند و كۆچەرەكانی كوێستانەكانی سیدەكان، هەر لە شوێنەكانی خۆیانن و هیچ زیانێكی گیانییان بەر نەكەوتووە، بەڵام ئەگەر بۆردوومانەكان بەردەوام بن، ئەوا ناچارن شوێنەكانی خۆیان چۆڵ بكەن، ئەگینا تا هاتنی وەرزی سەرما لە شوێنەكانی خۆیان دەمێننەوە".
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان دەشڵێت: "هیچ زانیارییەك بۆ ئێمە نەهاتووە كە سوپای توركیا هێزی لەسەر سنوور كۆ كردبێتەوە".
شایانی باسە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا و تۆپخانەكانی ئەو وڵاتە، لە دوو رۆژی رابردوودا بنكە و بارەگاكانی پەكەكەیان لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆردوومان كرد، بەو هۆیەیشەوە ژمارەیەك ئەندامی پارتیی كرێكارانی كوردستان شەهید و بریندار بوون، ئاگریش بەر بووەتە چەند ناوچەیەك و زیانێكی زۆر بەر سرووشتی ئەو ناوچانە كەوتووە".
ڕابین شێروانی




