گەڕانەوەی خێزانەكان بۆ سەعدییە جێگەی ئومێد نییە.. پێویستە سنوورێك بۆ حەشدی شەعبی دابنرێت

سەعدییە -KDP.info- بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا دەڵێت، وەكو قۆناخی یەكەم ٢٦٥ خێزان گەڕاونەتەوە بۆ سەعدییە، بەڵام ئەگەر حەشدی شەعبی رەفتارەكانیان نەگۆڕن بەرامبەر ئاوارەكان، جارێكی دیكە ئاوارە دەبنەوە؛ بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق سنوورێكیان بۆ دابێت یاخود لە ناوچەكە دەریان بكات.
(عامر رەفعەت) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ١/٥/٢٠١٥ـدا كۆبوونەوەیەك لە نێوان فەرماندەی كردەكان و فەرماندەی پۆلیس و پارێزگاری دیالە بەڕێوە چوو بۆ ئەوەی ٢٠٠خێزان بگەڕێنەوە بۆ سەعدییە و لەسەری رێك كەوتن و لە مانگی رەمەزانیشدا دانیشتنێكی دیكەیان ئەنجام دا و بە باشیان زانی كە ژمارەكە زیاد بكرێت، بۆیە تاوەكو ئێستا ٢٦٥ خێزان گەڕاونەتەوە".
(رەفعەت) گوتیشی: "گەڕانەوەی ئەو خێزانانە جێگەی ئومێد نییە بۆ خەڵكی ناوچەكە، چونكە پێش سێ مانگی زیاتر لە ١٤٠خێزان گەڕانەوە، بەڵام لە ماوەیەكی كەمدا گەڕانەوە بۆ ناوچەكەی خۆیان، ئەمەیش لەبەر رەفتارەكانی حەشدی شەعبی لە سەعدییە، بۆیە ئەگەر ئێستایش حەشدی شەعبی هەمان رەفتار بكەن لەگەڵ خێزانە گەراوەكان، دووبارە ئەو ناحیەیە جێ دەێڵن و دەگەڕێنەوە بۆ خانەقین".
ئاماژەیشی دا، پێویستە حكوومەتی عێراق گوشار لەسەر حەشدی شەعبی دروست بكات، یان لە ناوچەكە دەریان بكات یاخود سنوورێكیان بۆ دابنێت.
بەرپرسی ناوچەی پارتی لە جەلەولا ئەوەیشی گوت، ئەمە وەكو قۆناخی یەكەمی گەڕانەوەی ئاوارەكانە، بۆیە ئەگەر هیچ كێشەیان نەبوو و گەڕانەوەكە سەركەوتنی بە دەست هێنا دەست دەكرێت بە گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی دیكەیش، چونكە خەڵكی ئارەزووی ئەوە دەكەن بگەڕێتەوە بۆ سەر ماڵەكانیان و، ئومێدەواریشین ئەگەر ئەو پرۆسەیە سەركەوتنی بەدەست هێنا ئاوارەكانی جەلەولایش بگەڕێنەوە".
بڵند ئیبراهیم




