٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فڕاكسیۆنی زەرد: سەركۆنەی هەر جۆرە كارێك دەكەین توندوژیژیی لێ بكەوێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئامێدی -KDP.info-  (ئامینە زکری) بە ناوی فڕاکسیۆنی زەرد و پەرلەمانی کوردستانیشەوە سەركۆنەی هەر جۆرە كارێك دەكەن توندوژیژی لێ بكەوێتەوە؛ ئەو پەرلەمانتارەی پارتی کە لچوارچێوەی شاندێکدا چوونەتە ناوچە بۆردوومانکراوەکان جەختی کردەوە کە، بەکاربردنی چەک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە تەنیا كاریگەری لەسەر باكووری كوردستان نابێت، بەڵكە كاریگەری لەسەر باشووری كوردستانیش دەكات و هاووڵاتیانی سڤیل دەبنە ئامانج. 

بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ئەو ناوچانەی لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆردوومان كران، ئێوارەی شەممە شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی شارۆچكەی ئامێدی كرد و هەندێك لەو ناوچانەیان بینی كە بەر بۆردوومانەكان كەوتوون.
شاندەكە مەبەستی سەردانەكەیان لە چەند خاڵێكدا روون كردەوە، كە بریتین لە راگەیاندنی دڵگرانیی خۆیان بەرانبەر بە بۆردوومانكردنی ئەو ناوچانە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە ‌و، هەروەها ئاگاداربوون لە زیانەكانی ئەو بۆردوومانانە ‌و هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی ئەو ناوچانە بۆ هەر شتێك پێویست بكات.
هاوكات كار بۆ پاراستنی رووی گەشی ئارامی و ئاساییشی ناوچەكان بكەن لەم بارودۆخەی ئێستادا، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكانی ئەو ناوچانەدا بكەن بۆ ئەوەی زیانە مادییەكانی هاووڵاتیان تۆمار بكرێن. داوایشیان لە وڵاتی توركیا كرد ئەو بۆردوومانانە لە سنووری هەرێمی كوردستان رابگرێت.
لە میانی ئەو بەسەركردنەوەیەیشدا، (ئامینە زكری) جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "بۆ ئاگاداربوون لەسەر رەوشی دەڤەرەكە و ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل تا بزانین لە چ رەوشێكدا ژیان دەگوزەرێنن، سەردانی ئیدارەی شارۆچكەی ئامێدیمان كرد و لە نزیكەوە ئەو بریندارانەمان بینی كە بە بۆردوومانەكە زامدار بوون و، بۆ ئەوەی بشزانین ئەو زەرەر و زیانەی بەر دەڤەرەكە كەوتوون، لە چ ئاستێكدان".
(ئامینە) گوتیشی: "وەك پەرلەمانی كوردستانیش سەركۆنەی هەر جۆرە كارێك دەكەین كە توندوژیژی لێ بكەوێتەوە، چارەكردنی كێشەكانیش بە رێگای گفتوگۆ و دیالۆگ بە باشتر دەزانین لەم قۆناخەدا و، نابێت هەنگاوەكان بەو ئاڕاستەیەدا بن كە پرۆسەی ئاشی رابوەستێنێت، چونکە هەر هەنگاوێك بە ئاراستەی خراپكردنی رەوشەكە بێت ئیدانەی دەكەین، بە تایبەتی بەكارهێنانی چەك، چونكە ئەوە بە تەنیا كاریگەری لەسەر باكووری كوردستان نابێت، بەڵكە كاریگەری لەسەر باشووری كوردستانیش دەبێت و هاووڵاتیانی سڤیل دەبنە ئامانج".  

هەواڵی پەیوەندیدار