فراكسیۆنی زه‌رد بۆ توركیا و په‌كه‌كه: بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گفتوگۆی ئاشتیانه

هه‌ولێر-KDP.info-فراكسیۆنی زه‌رد له په‌رله‌مانی كوردستان له ڕاگەیێندراوێكدا ده‌ڵێ "ئێمه وه‌ك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێمان وایه، به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوو لا (ده‌وڵه‌تی توركیا و په‌كه‌كه) له‌وه‌دایه، كه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گفتوگۆی ئاشتییانه، له‌و ڕێگه‌یه‌وه هه‌وڵی چاره‌كردنی كێشه‌كان بده‌ن و به ته‌نها ئه‌و ڕێگه‌یه‌ش ده‌توانێت توركیا له كه‌ناری ئارامی نزیك بكاته‌وه، چونكه به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی ئاشتی له ماوه‌كانی ڕابردوودا، توانی سه‌قامگیری بۆ ناوخۆی توركیا فه‌راهه‌م بكات، هه‌روه‌ها بۆ گه‌لی كوردیش توانی به‌شداری له سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن فه‌راهه‌م بكات".
ده‌قی ڕاگه‌یێندراوه‌كه:
به داخه‌وه جارێكی تر بژارده‌ی شه‌ڕ له نێوان ده‌وڵه‌تی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان، وه‌ك تاكه بژارده‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان په‌نای بۆ ده‌برێته‌وه، ئه‌مه له كاتێكدایه، كه ئه‌زموونی ده‌یان ساڵه‌ی شه‌ڕی نێوان هه‌ردوو لا، جگه له قووڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، نه‌یتوانی هیچ ئه‌نجامێكی ئه‌رێنی به ده‌سته‌وه بدات.
ئێمه وه‌ك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێموانوایه، به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو لا له‌وه‌دایه، كه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گفتوگۆی ئاشتییانه، له‌و ڕێگه‌یه‌وه هه‌وڵی چاره‌كردنی كێشه‌كان بده‌ن و به ته‌نها ئه‌و ڕێگه‌یه‌ش ده‌توانێت توركیا له كه‌ناری ئارامی نزیك بكاته‌وه، چونكه به‌ره‌و پێشچوونی پرۆسه‌ی ئاشتی له ماوه‌كانی ڕابردوودا، توانی سه‌قامگیری بۆ ناوخۆی توركیا فه‌راهه‌م بكات، هه‌روه‌ها بۆ گه‌لی كوردیش توانیی به‌شداری له سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن فه‌راهه‌م بكات.
ئێمه له كاتێكدا داواكارین هه‌ردوو لا واز له بژارده‌ی شه‌ڕ بهێنن، هه‌روه‌ها نیگه‌رانین له‌وه‌ی كه ڕه‌وشه‌كه به ئاستێكی وه‌ها مه‌ترسیدار گه‌یشتووه و له ڕێگه‌ی بۆردومانه‌كانیشه‌وه، زیان به هاووڵاتی سڤیل گه‌یشتووه، بۆیه داواكارین له هه‌موو هه‌ردوو لا هه‌وڵه‌كانییان چڕ بكه‌نه‌وه و به‌ر به ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زیاتری كێشه‌كانیش بگرن.
له كۆتاییدا ئومێده‌وارین هه‌رچی زووه ئاسایش و ئۆقره بۆ ناوچه‌كه بگه‌ڕێته‌وه.
فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان
25/7/2015




