پەرلەمانی توونس یاسایەكی نوێی دژی تیرۆر دەركرد.. دڵنیایی و ئۆقرەیی دەداتە توونسییەكان

توونس-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "بیبیسی"، دوای هێرشەكانی چەكدارە توندڕۆكان لە ئازار و حوزەیرانی ڕابردوودا بۆ سەر توونس، حكوومەتی ئەو وڵاتە پێداچوونەوەی بۆ یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پشتگیریكردنی چەكدارە ئیسلامییە توندڕۆكان كرد.
بەپێی ڕاپۆرتەكە یاسا نوێیەكەی دژەتیرۆر، سزای لەسێدارەدان بۆ هەر كەسێك دەردەكات كە بە كردەی تیرۆر تاوانبار بكرێت و، ئەوانەیش كە پشتگیریی تیرۆر دەكەن، سزای زیندانییان بۆ دەبڕێتەوە.
هەروەها ئەو یاسایە دەسەڵات دەداتە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكە كە گومانلێكراوەكان لای خۆیان بهێڵنەوە بۆ ماوەی (١٥) ڕۆژ بە بێ ئەوەی ڕێگایان پێ بدەن پارێزەر بگرن یاخود لە دادگا دەركەون.
لەو بارەیەوە (محەممەد ئەلناسر) سەرۆكی دەستەكە گوتی: "ئەوە ساتێكی مێژوویی گرینگە و، ئەو یاسا نوێیە دڵنیایی و ئۆقرەیی دەداتە توونسییەكان".
شیاوی باسە، لە هێرشەكەی حوزەیراندا بۆ بەشە گەشتیارییەكەی سۆسێی توونس، (٣٨) كەس كوژران و لەوەی ئازاریشدا بۆ سەر مۆزەخانەكە (٢١) كەس بوونە قوربانی، دواتریش داعش بەرپرسیارەتیی خۆی لەو هێرشانەی توونس ڕاگەیاند. هەر بۆیەیش وڵاتی توونس پێداچوونەوەی بۆ یاسای دژەتیرۆر كردووە و، لە بەرانبەردا دوای (٣) ڕۆژ لە گفتوگۆكردن پەرلەمانی توونس یاسایەكی نوێ و تۆكمەتری پەسند كرد.
و: خالید ئەحمەد




