حاكم سەرحان: لێدوانەكەی شەهرستانی هیچ بەهایەكی یاسایی نییە

بەغدا-KDP.info- (حوسێن شەهرستانی) سەركردەی لیستی دەوڵەتی یاسا و وەزیری خوێندنی باڵای عێراق، باس لەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا نەوتی خۆی دەفرۆشێت و دەیداتە چەند لایەنێكی گومانلێكراو، لە بەرانبەردا پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەو لێدوانە هیچ بەهایەكی یاسایی نییە، چونكە هەرێمی كوردستان بە هۆی پابەندنەبوونی بەغدا بە رێككەوتنەكەوە، نەوتی خۆی فرۆشتووە.
حاكم (سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لێدوانەكەی (شەهرستانی) هیچ بەهایەكی یاساییان نییە، چونكە هەرێمی كوردستان بە شێوەی فەرمی و بە ئاشكرا گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە بۆ فرۆشتنی نەوتی خۆی، بۆیە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی یاسا نییە".
(سلێڤانەیی) گوتیشی: "بەپێی یاسا ئەگەر هەر لایەنێك پابەند نەبێت بە رێككەوتن كە لە یاسای بودجەی عێراقدا هاتووە، لایەنەكەی دیكە مافی خۆیەتی رێگای دیكە بگرێتە بەر و پابەند نەبێت بەو رێككەوتنەوە، بۆیە بەغدا كە پابەند نییە بە رێككەوتنەكەوە، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی نەوت بفرۆشیت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەیشی خستە ڕوو، هەرێمی كوردستان لە ناچاری نەوتی خۆی فرۆشتووە، چونكە هیچ رێگای دیكە بۆ دابینكردنی مافە داراییەكانی نییە.
بڵند ئیبراهیم




