٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فڕۆكەكانی توركیا ٤٠ شوێنی ئامێدییان بۆردوومان کردووە.. دوو هاووڵاتی بریندار بوون

سەرچاوە: KDP.info

ئامێدی-KDP.info-  قایمقامی شارۆچكەی ئامێدی رایگەیاند، بۆردوومانكردنی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بە بیانووی بوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و، بەو هۆیەیشەوە دوو هاووڵاتی بریندار بوونە.

(حوسێن خالید) قایمقامی شارۆچكەی ئامێدی بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە شەوی رابردووەوە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بە بیانوونی بوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە، سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بۆردوومان دەكەن و تەنیا لە سنووری شارۆچكەی ئامێدی نزیكەی ٤٠ شوێنیان بۆردوومان كردووە".
(حوسێن) گوتیشی: "بە هۆی ئەو بۆردوومانەوە تاوەكو ئێستا زیانەكان بە تەواوەتی نەزانراون، بەڵام ئەوەی هەیە دوو هاووڵاتیی خەڵكی شێلادزێ بریندار بوونە و بۆ چارەسەركردن رەوانەی نەخۆشخانە كراون".
قایمقامی شارۆچكەی ئامێدی دەشڵێت، بۆردوومانی سنورەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، بەڵام پچڕپچڕە و وەك شەوی رابردوو نییە.
ئەوەیشی خستە ڕوو، تاوەكو ئێستا هیچ ماڵێك ئاوارە نەبووە، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، خەڵك ناچار دەبن ماڵوحاڵی خۆیان جێ بهێڵن.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار