تورکیا ئاسمانەهێرشەکانی بۆ سەر مۆڵگەکانی پەکەکە پشتڕاست کردەوە

ئانکارا-KDP.info- نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا، شەوی ڕابردوو هێرشیان کردووەتە سەر مۆڵگەکانی پارتیی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە بناری چیای قەندیل.
بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا هەروەها دەڵێ، هێزێکی پیادەیش هاوتای ئەندامانی ڕێکخراوە تیرۆریستەکەی داعش، چەکدارانی پەکەکەیشیان کردوونەتە ئامانج؛ وەک بەیاننامەکە ئاماژەی داوە، ئەم هەڵمەتەی هێزەکانی تورکیا دەچێتە چوارچێوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات.
بەیاننامەکە جەختی کردووەتەوە کە، فڕۆکە جەنگییەکانیانی تورکیا زۆر شوێنی لۆجستیکی و شوێنی حەوانەوە و مۆڵگەی پەکەکەیان پێکاون.
ئەگەرچی تورکیا و پارتیی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە پێیان ناوەتە قۆناخی چارەسەری ئاشتیانەوە، بەڵام پێدەچێ ئەم ئاسمانەهێرشانەی تورکیا پڕۆسەکە بوەستێنێ.
سەرلەبەیانیی دوێنێ هەینی، تورکیا لە ڕێی فڕۆکە شەڕەکەرە ئێف شازدەکانییەوە یەکەم هێرشی بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە نێو خاکی سووریادا بەرپا کرد و، بەڵێنیشی داوە کە هێرشەکانی دژ بە تیرۆریستانی داعش و چەکدارانی کوردیش بەردەوام دەبن.
زریان زیاد




