٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆبوونەوەكانی لایه‌نێكی كورد و حكوومه‌تی به‌غدا و میلیشیاكان بێسوودن.. گێڕانه‌وه‌ی پۆلیسی جه‌له‌ولا هه‌ڵه‌ی سترایتیژییه‌

سەرچاوە: KDP.info

جەلەولا-KDP.info-  بەرپرسێكی حزبی له‌ جەلەولا دەڵێت، رەوشی ئاوارەكانی جەلەولا لەوپەڕی خراپیدایە و توشی زۆر نەخۆشی و نەهامەتی بوونە؛ گوتیشی، ئەم كۆبوونەوە داخراوانەی لایەنێكی كوردی لەگەڵ چەكدارەكانی ناوچه‌كه‌دا كردوونی بێسوود بوون و مه‌ترسیداریشه‌. هه‌رچی بەڕێوەبەری شارەدێی جەلەولایشه‌ باوه‌ڕی وایه‌، گەڕاندنەوەی بەرێوبەرایەتیی پۆلیسی جەلەولا هەڵەیەكی ستراتیژییە و، دەبێ ئه‌و بەرێوبەرایەتییه‌ هەڵبوەشێتەوە.

(عامر رەفعەت) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا بە KDP.infoی راگەیاند: خەڵكی جەلەولا لە ئاوارەیی و لەنێو كەمپەكان و خانووە كەلاوەكاندا ژیانێكی زۆر خراپ دەگوزەرێنن، بە ناچاری و لەم گەرمای هاوینەدا بەبێ خزمەتگوزای لە ئاوارەییدان و تووشی چەندین نەخۆشیی جەستەیی و دەروونی بوونە و، چەند كەسێكیش لە بێئومێدیدا خۆیان كوشتووە؛ لەكاتێكدا شاری جەلەولا ئازاد كراوە و بەهۆی بۆشایی ئەمنی و چه‌كداری میلیشیاكانیشه‌وه‌ كەس دڵنیا نییە تا بگەڕێتەوە ماڵەكەی خۆی.

(رەفعەت) گوتیشی: لایەنێكی كوردی لە جەلەولا كۆبوونەوەی داخراو لەگەڵ میلیشیا و هێزە چەكدارەكان دەكات و كۆبوونه‌وه‌كانیشی لەسەر ئاستی حزبییه‌، خۆ ئەگەر ئەنجامێكی باشیشی هەبا كێشە نەبوو، بەڵام هیچ ئەنجامێكی باشی نەبووە بۆ رەوشی خراپی خەڵكی جەلەولا و؛ بۆیه‌ ئەم كۆبوونەوانە زۆر خەتەرناكن بۆ داهاتووی جەلەولا. خۆ ئەمە زیاتر لە نۆ مانگە جەلەولا رزگار كراوە و ئەم كۆبوونەوە داخراوانە دەكرێن، كه‌چی نەیانتوانیوە چەند خێزانێكیش بگەڕێننەوە سەر ماڵەكانیان.

لەلایەكی ترەوە و هه‌ر پێوەست بە رەوشی ئێستای جەلەولا (ئەنوەر حوسێن) بەڕێوەبەری شارەدێی جەلەولا بۆ KDP.info گوتی: هێزی پێشمەرگە لەئێستادا لەناو شاری جەلەولادان و، لەو كاتەوەی كە جەلەولا لە چنگی تیرۆریستان دەرهێندراوە بە هەموو شێوەیەك لە هەوڵی پاككردنەوەی شارەكەین لەبۆمب و تی ئێن تی، تائێستا رێژەیەكی زۆری شاره‌كه‌ پاك كراوەتەوە، هه‌ڵبه‌ت بەهۆی شەڕی داعشەوە زیاتر لە 63ملیار دینار زیانی دەزگا حكوومییەكانی جەلەولایە و به‌ به‌های زیاتر لە 150 ملیاریش هاووڵاتیان زیانبار بوون. بۆیه‌ دەبێ دەست بە لاپەڕەی ئاوەدانكردنەوەی شار بكەین و خەڵك بگەڕێنینەوە.

بەڕێوەبەری شارەدێی جەلەولا گوتیشی: لەماوەی رابردوودا چەندین كۆبوونەوە كراون  لەنێوان لایەنی كوردی لە جەلەولا لەگەڵ حكوومەتی عێراق و میلیشیای بەدر و قیادەی عەمەلیاتی دیجلە و چەندین هێزی تر كە لەجەلەولا بوونیان هەیە، هه‌ڵبه‌ت من ئاگادار نەدەكرامەوە لەم جۆرە كۆبوونەوانە و زانیاریم له‌باره‌یانه‌وه‌ نییە. بەڵام ئەم كۆبوونەوانەی تریش كە دەكرێن بۆ گه‌ڕاندنەوەی بەرێوبەرایەتیی پۆلیسی جەلەولا هەڵەیەكی ستراتیژییە و دەبێ ئه‌و بەرێوبەرایەتییه‌ هەڵبوەشێتەوە، چونكە ئەم بەرێویبەرایەتییە زۆر بێ هێز بوو و یەكێكیش بوو لە فاكتەرە گرینگەكانی كە داعش لە جەلەولا بره‌وی سەند، بۆئەوەی دووبارە بۆشایی ئەمنی دروست نەبێته‌وه‌، دەبێ بنكەكانی پۆلیسی جەلەولا راستەوخۆ ببەسترێتەوە بە بەرێوبەرایەتیی پۆلیسی خانەقین.
ئه‌و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌، دوای ئەم هەموو شەهید و بریندارەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری جەلەولا، ئەگەر لە كۆبوونەوەكاندا بریاری گەڕاندنەوەی بەرێوبەرایەتیی پۆلیسی جەلەولا بدرێت، دەكاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ هیچمان نەكردووە.

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار