ئهمهریكا، هەرێمى کوردستان وەک هاوبەشێکى سەرەکیى خۆی دەبینێ

ههولێر-KDP.info- (جۆزیڤ پێنینگتۆن) کۆنسووڵى گشتیى ئەمەریکا لە هەولێر، بهر له گهڕانهوه بۆ وڵاتهكهی ڕایگهیاند، ئهوان هەرێمى کوردستان وەک هاوبەشێکى سەرەکیى ئەمهریکا دەبینن و، زۆر بواریش هەیە کە دەتوانن بەیەکەوە کارى لەسەر بکەن بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و فراوانکردنى.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (جۆزیڤ پێنینگتۆن) کۆنسووڵى گشتیى ئەمەریکا لە هەولێر بەبۆنەى کۆتایىهاتنى کارەکەى و ماڵئاواییکردن، سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد و لە دیدارێکدا کە (ماثیاس میتمان) کۆنسووڵى گشتیی نوێى ئەمەریکا ئامادە بوو، (فەلاح مستەفا) بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە، بە ناوى حکوومەتى هەرێمى کوردستانهوه سوپاس و دەستخۆشى ئاڕاستەى (جۆزیڤ پێنینگتۆن) کە لە ماوەى کارکردنى لە هەرێمى کوردستان ڕۆڵێکى بەرچاوى بینیووە لە زیاتر پتەوکردن و بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئەمهریکا کە مێژوویەکى درێژى هەیە.
هەروەها پیرۆزبایى ئاڕاستەى (ماثیاس میتمان) کۆنسووڵى گشتیى نوێى ئەمهریکا کرد بەبۆنەى دەستبەکاربوونى و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و، پاڵپشتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى دووپات کردەوە لە جێبەجێکردنى ئەرکەکەى.
لە بەرامبەردا (جۆزیڤ پێنینگتۆن) ئەو هاوکارى و کارئاسانییەى لە ماوەى کارکردنى لە هەرێمى کوردستاندا بۆی کراوە بهرز نرخاند و گوتى، ئەوان هەرێمى کوردستان وەک هاوبەشێکى سەرەکیى ئەمهریکا دەبینن و، زۆر بوار هەیە کە دەتوانن بەیەکەوە کارى لەسەر بکەن بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و فراوانکردنى.
هەروەها (ماثیاس میتمان) کۆنسووڵى گشتیی نوێى ئەمهریکا، گوتی، کە هاوشێوەى کۆنسووڵى پێشوو بەردەوام دەبێت لەسەر پەرەپێدان و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئەمهریکا.




