بەشارەتی: یەكێتی و گۆڕان بەبێ پرس دەستیان بە دابەشكردنی پۆستەكان كردووە

هەڵەبجە-KDP.info- (فازڵ بەشارەتی) دەڵێ، یەكێتی و گۆڕان دەستیان كردووە بە كۆبوونەوەی دووقۆڵی و دانانی پڕۆژە، بەڵام سەرجەمیان شكستیان هێناوە، چونكە هەرگیز بە بێ پارتی ئەنجامی یەكلاكەرەوەیان لە پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگادا نابێت."
سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نەیویست ناوی ببرێت، زانیاری بە پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (سەرباز واحد) داوە كە گۆڕان و یەكێتیی پڕۆژەیەكی نوێیان لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگا و پۆستەكانی هەڵەبجەوە ئامادە كردووە و دواتر ڕەوانەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و سەركردایەتیی گۆڕانیان كردووە، لەو پڕۆژە نوێیەیشدا ژمارەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە هەر 25 كورسییە و پۆستی بەڕێوەبەرایەتییەكانیش دیاری كراوە.
لەم بارەیەوە (فازڵ بەشارەتی) بەرپرسی لقی 12ـی پارتی لە هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی تا ئێستا هیچ مافێكی وەرنەگرتووە لە پارێزگای هەڵەبجەدا، دوای ئەم هەموو كۆبوونەوەیەی ئەنجامیش درا لەگەڵیان، یەكێتی و گۆڕان دەستیان كرد بە كۆبوونەوەی دووقۆڵی و هەموو ئەم پەیمانانەی بە یەكی دەدەن لەسەر حسابی ئێمەیە".
دەیشڵێت: "تا ئێیستا لە سەرجەم كۆبوونەوە دووقۆڵییەكانیاندا ئەنجامێكی ئەرێنییان نەبووە و ئەمەیش دەلالەتە لەوەی كە بە بێ لایەنەكانی دیكە و بە تایبەتیش پارتی، ناتوانن سەركەوتوو بن و ئەنجامی یەكلاكەرەوەیان لە پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە هەبێت."
(بەشارەتی) گوتیشی: "ئێمە لە دەرەوەی كۆبوونەوەكان زانیاریمان هەیە یەكێتی و گۆڕان ئێستا بە بێ پرسوڕا دەستیان بە دابەشكردنی كورسی و پۆستەكان كردووە و زۆرینەیان بۆخۆیان داناوە وەك ئەوەی بڵێی شار بێ حاكم بێت. باوەڕ ناكەم هەرگیز لە كۆبوونەوە و پڕۆژەكان و بڕیارە نوێكانیشیاندا سەركەوتوو بن ئەگەر بەم شێوەی ئێستا بیر بكەنەوە."
رایشیگەیاند: "ئێمە یەكێك لە پۆستە سیادییەكانی پارێزگای هەڵەبجەمان پێ نەدرێت، بە هیچ شێوەیەك پۆستی دیكە وەرناگرین و ئەم چوار كورسییەیش لە ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ پارتی بێت، مافی خۆمانە".
لە لایەكی دیكەوە (زیاد كاكەڕەزا) سەرۆكی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تا لە پارێزگای هەڵەبجە مافەكانی پارتی نەدرێت و پۆستێكی سیادی بە پارتی نەدرێت، ئێمە بەشداری لە حكوومەتە خۆجێییەكەی پارێزگای سلێمانیدا ناكەین".
سەرباز واحد




