٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە دڵنیایی و ئارامیی بە خەڵكی زوممار بەخشیوە

سەرچاوە: KDP.info

زوممار-KDP.info-بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار دەڵێ، هێزی پێشمەرگە كه لە سەرجەم سنووری زومماردا بوونیان هەیە، پێشیان لە تیرۆریستان گرتووە و دڵنیایی و ئارامیی تەواویشیان بە خەڵكی ناوچەكە بەخشیوە.
(مزاحم سلێمان) بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هێزی پێشمەرگە لە سەرجەم سنوورەكانی شارەدێی زوممار لە سەنگەردایە و زۆر قارەمانانە بەریان بە تیرۆریستان گرتووە و دڵنیاییەكی تەواویشیان بە هاووڵاتیانی زوممار بەخشیوە. تا هێزی پێشمەرگەیش لە سەنگەرەكانی زومماردا بن، هەرگیز تیرۆریستان ناتوانن دەستی چەپەڵیان بە شارەدێكە بگات و كاولكاری بنێنەوە".
بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار راشیگەیاند: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ دریخیی نەكردووە لە هاریكاریكردنی ناوچەی زوممار و بەوپەڕی تواناوە هاوكاری كردووین، بەڵام حكوومەتی عێراق هاوكاری نەكردووین و هیچ هەوڵێكی نەداوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی دامودەستگا و نۆژەنكردنەوەی شارەدێی زوممار".
روونیشی كردەوە كە، رەوشی شارەدێی زوممار لە هەموو ڕوویەكەوە زۆر باشە و كارەبا و ئاو و سەرجەم خزمەتگوزارییەكان بەردەستن، هەروەها ئاساییشی ناوچەكە زۆر ئارامە و تا ئێستا زیاتر لە 95 لە سەدی خەڵكی زوممار گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و ژیانیان، بەڵام كەلوپەل و ئامێر و ئۆتۆمبێلەكانی شارەوانی و دەستگاكانی دیكە لەلایەن داعشەوە بردراون، بۆیە هەوڵی دابینكردنیان دەدەینەوە و دوو گۆڕەپانیشمان بۆ وەرگرتنی دانەوێڵەی جووتیاران لە ناوچەكەدا هەن".
سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار