٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"ئەگەر تۆمەتەكانی سەر مالیكی لاببرێت، دەست لە كار دەكێشمەوە"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- "ئەگەر لە راپۆرتی كۆتایی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ (نووری مالیكی) تۆمەتبار نەكرێت و تۆمەتەكانی لەسەر لاببرێت، من واژۆ لەسەر راپۆرتەكە ناكەم و دەست لە كار دەكێشمەوە" (شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا)، وایگوت.

(شاخەوان عەبدوڵڵا) جێگری‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ لێكۆڵینەوە لە كەوتنی‌ شاری مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بابەتی (نووری مالیكی) سەرۆكوەزیرانی پێشوو لە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ، پێش ئەوەی بابەتی تۆمەتباربوون بێت، بابەتێكی سیاسییە، من وەكو جێگری سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ، داوایەكم ئاراستەی لیژنە كرد بۆ ئەوەی راستییەكان لەبارەی (مالیكی)ـیەوە بخرێتە روو، بەڵام سەركەوتوو نەبووم، خۆئەگەر لە راپۆرتی كۆتایی لیژنەكەماندا (مالیكی) تۆمەتبار نەكرێت و تۆمەتەكانی لەسەر لاببرێت، من واژۆ لەسەر راپۆرتەكە ناكەم و دەست لە كار دەكێشمەوە".
جێگری‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ لێكۆڵینەوە لە كەوتنی‌ شاری مووسڵ گوتیشی: "ئێمە شەش مانگە لێكۆڵینەوە دەكەین و هەموو بەڵگە و هۆكارێكمان لە بەردەستە كە (مالیكی) تاوانباری سەرەكییە لە كەوتنی مووسڵدا، گریمان هیچ تاوانێكیشی نەكردبێت، ئەوەندە بەسە بۆ تاوانباربوونی كە نەیهێشت پێشمەرگە بچێتە شاری مووسڵەوە و پێش بە هاتنی داعش بگرێت، چونكە مووسڵ نەكەوتبا شارەكانی دیكەیش وەهایان بەسەر نەدەهات و ئەو هەموو خەڵكەیش نەدەكوژراو ئاوارە نەدەبوو".
پێوەست بە كارەكانی لیژنەكەیش راشیگەیاند، دانیشتنەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتتنی مووسڵ رۆژی یەكشەممە دەست پێ دەكەنەوە و بەردەوام دەبین لە كارەكانمان، پێشتریش لیژنەیەكی بچووككراوەی شەشكەسیمان پێك هێنابوو بۆ نووسینەوەی راپۆرتی كۆتایی لیژنەی لێكۆڵینەوەی مووسڵ و تا ئێستا چەندین بڕگەمان تەواو كردووە".
سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار