٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێدەچێت وەزیری به‌رگری ئەمەریكا بێتە هەولێر

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- دوای ئەوەی سەردانی سعوودیا و ئیسڕائیلی كرد، ئەمڕۆ وەزیری به‌رگری ئەمەریكا بە سەردانێك گەیشتە عێراق، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتییش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، چاوەڕوان دەكرێت سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكات.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (موحسین سەعدوون)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هاتنی وەزیری به‌رگری ئەمەریكا بۆ عێراق لەم قۆناخەدا زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی دۆخی ئەمنی جێگیر نییە و پشتوانیی ئەمەریكایش لە ڕووی هێزی ئاسمانییەوە لە ئەنبار و ناوچەكانی دیكەی عێراق ئەنجامی نەبووە، بۆیە لە سەردانەكەدا باس لە شەڕی دژی داعش لە ئەنبار و ناوچەكانی دیكە دەكرێت".
(سەعدوون) گوتیشی، هاتنی وەزیری به‌رگری ئەمەریكا بۆ عێراق كاریگەریی خۆی هەیە بۆ ئەوەی بزانێت لە عێراق دۆخەكە چۆنە و لە نزیكەوە بە چاوی خۆی بیبینێت و بیشزانێت عێراق داواكاریی چییە، بۆیە پێویستە ئەمەریكا ئاگادار بێت، چونكە رێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان هەردوولا هەیە و عێراقیش داواكارییەكانی پێشكەشی وەزیری دەرەوە دەكات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر گوتی، بەرپرسە سەربازییەكان كاتی سەردانەكانیان دیاری ناكەن، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت وەزیری به‌رگری ئەمەریكا سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكات، چونكە بۆ ئەوان باشترە و سوودی بۆ سیاسەتی ئەوانیش هەیە، لەبەر ئەوەی رۆڵی هەرێم و پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا زۆر بەرچاوە.
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار