داعش 350 ئافرەتی بیانی رەوانەی مووسڵ كرد

مووسڵ-KDP.info- بە فەرمانی خەلیفەی داعش، ٣٥٠ ئافرەتی بیانی لە سووریاوە بۆ مووسڵ رەوانە كراون بۆ ئەوەی بدرێنە تیرۆریستانی داعش. وەك لە نامەیەكی (بەغدادی)ـیشدا هاتووە، داعش لە بەرانبەر پێشمەرگەدا شكستیان خواردووە و پێویستە ئافرەتی جوانیان پێ بدرێت تا بەو هۆیەوە بەرگری بكەن.
(سەعید مەموزینی) بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی (ئەبوبەكر بەغدادی) لە نامەیەكدا گلەیی لە داعشەكانی مووسڵ كرد و پێی ڕاگەیاندن كە گشت ئەو كچە بیانییە جوانانەی لەلاتانن بدەن بە تیرۆریستان بۆ ئەوەی شەڕ بكەن، ئەمڕۆ بە فەرمانی ئەو ٣٥٠ ئافرەتی بیانی لە سووریاوە هێندراون بۆ مووسڵ تا بدرێن بە چەكدارانی داعش بۆ ئەوەی شەڕ بكەن، چونكە وەك لە نامەكەی (بەغدادی)ـدا هاتووە، لە بەرانبەر هێزی پێشمەرگەدا شكستیان خواردووە و پێویستە ئافرەتی جوانیان پێ بدرێت تا بەو هۆیەوە بەرگری بكەن".
(مەموزینی) گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ داعش ١١٢ماڵی عەرەبی هێناوە بۆ ناحیەی بەرتلە و لە شوێنی كورد و مەسیحییەكانی داناون، ئەمەیش وەكو درێژەدان بە سیاسەتی بەعەرەبكردن".
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، تیرۆریستانی داعش هەر ئەمڕۆ لە گەڕەكی كوبە لە شاری مووسڵ ٢٧ خانوویان تەقاندووەتەوە؛ كە خانووی ئەو كەسانەن لەلایەن داعشەوە لە ناوچەكە دەركراون.
بڵند ئیبراهیم




