لە خازر و ناوەران داعش بۆردوومان كرا.. زیانی گیانی و ماددیی زۆریان بەر كەوت

ناوەران -KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە هەردوو میحوەری خازر و ناوەران تیرۆریستانی داعش لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانەوە بۆردوومان كران و زیانی زۆریان بەر كەوت.
عەقید (دڵشاد مەولوود) بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەعات 10:30 خولەكی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان تیرۆریستانی داعشیان لە گوندی بازگركانی سەر بە میحوەری خازر بۆردوومان كرد و لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەیشدا، چەكێكی جۆری دۆشكایان تێك شكێندراوە و زیانی گیانییشیان هەبووە".
عەقید (دڵشاد) گوتیشی: "سەعات 5:20 خولەكی بەیانی تاكو 5:40 خولەكی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بۆ چوار جار لەسەر یەك، بنكە و بارەگاكانی تیرۆریستانی داعشیان لە گوندی خورسەبادی میحوەری ناوەران بۆردوومان كرد".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی هەروەها ئاماژەی دا، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست كەوتوون، بە هۆی ئەو بۆردوومانەوە داعش گورزێكی گەورەی بەر كەوتووە و چەند بنكە و بارەگایەكیان لەو گوندە خاپوور كراوە و زیانی گیانی و ماددیی زۆریان بەركەوتووە.




