٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەركووكییەكان سوودیان لە داهاتی نەوت وەرنەگرتووە.. فوئاد حوسێن: داواكارین داهاتەكەی بۆ خەڵك بێت

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت: "خەڵكی كەركووك هیچ سوودێك لە نەوتی خۆیان وەرناگرن، بۆیە داواكارین بە شێوەی سەربەخۆ نەوتەكەی بفرۆشرێت و داهاتەكەیشی بۆ كەركووكییەكان بێت".

(فوئاد حوسێن) ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی نووسراوێك كە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاڕاستەی كۆمپانیای باكووری كردووە، لە كێڵگەكانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و ئەوانەی كۆمپانیای باكوور، رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێندرێت و لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت".

(حوسێن) گوتیشی: "لەوەتەی كەركووك هەیە، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی نەوتێكی زۆرە، بەڵام تەنیا زیانەكانی بۆ كەركووكە و سوودی لە داهاتەكەی وەرنەگرتووە، بۆیە هیوادارین هاوشێوەی هەرێمی كوردستان بە شێوەی سەربەخۆ نەوتەكەی بفرۆشێت و داهاتەكەیشی بۆ كەركووكییەكان بێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاماژەیشی دا: "ئێمە وەكو ئەنجوومەن هیچ زانیارییەكمان لەبارەی بەرهەمهێنان، فرۆشتن و داهاتی نەوتەوە لە كەركووك پێ نادرێت".

ئەوەیشی خستە ڕوو: "هێشتا هیچ بڕیارێك لەبارەی فرۆشتنی نەوتی كەركووك بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەدراوە و داواكارین ئەو كارە بكرێت، بۆ ئەوەی داهاتی نەوتەكە بۆ كەركووكییەكان بێت".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار