"فراكسیۆنی زەرد كار بۆ كەمكردنەوەی مووچەی پلەباڵاكان دەكات"

هەولێر-KDP.info- ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد (شوان شێخ ئەحمەد) رایگەیاند: "وهك فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ ئەوەداین مووچەی پلەباڵاكان كەم بكرێتەوە و دوای كۆتاییهاتنی پشووی پەرلەمانیش كاری بۆ دەكەین".
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (شوان شێخ ئەحمەد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەداین مووچەی پلەباڵاكان كەم بكرێتەوە بە جۆرێك لەگەڵ دۆخی ئێستادا بگونجێت، چونكە ناكرێت مووچەی پەرلەمانتارێك هەشت هێندەی فەرمانبەرێك بێت".
(شوان شێخ ئهحمهد) گوتیشی: "كاتێك جەماوەری خۆشەویستی كوردستان دەنگی بە ئێمە دا بۆ ئەوەی بچینە پەرلەمان، بۆ مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتاری نەبووە، بەڵكوو بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان بووە، بۆیە ئێستا كە بارودۆخی دارایی و بژێویی ژیانی خەڵكی هەژاری هەرێمی كوردستان بە تایبەتی پێشمەرگە لەم ئاستەدایە، هەمووان هەستی پێ دەكەین".
دهیشڵێت: "لەگەڵ ئەوەداین كە پێداچوونەوە بە مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتار و وەزیرەكان و سەرجەم پلەتایبەتەكانی كوردستان بكرێت، بە جۆرێك لەگەڵ دۆخی ئێستای هەرێمدا هاوسەنگ و گونجاو بێت".
ئەوەیشی خستە ڕوو: "دوای كۆتاییهاتنی پشووی پەرلەمان وەكو فراكسیۆنی پارتی كاری بۆ دەكەین و پێشتریش پڕۆژەیاسایەكمان بۆ ئەومەبەستە پێشكەش كردووە".
بڵند ئیبراهیم




