٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەفتە‌ی كه‌لتووری كوردی له‌ کرواتیا ساز كرا

سەرچاوە: KDP.info

کرواتیا ـkdp.infoـ ‌شاندێكی هه‌رێم له‌ کرواتیا حەفتە‌یه‌كی كه‌لتووری كوردی ساز كرد و له‌وێدا به‌چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆر به‌رگێكی دیكه‌یان به‌به‌ر ناسنامه‌ی كورد له‌و وڵاته‌دا كرد.

(فەلاح مستەفا) بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت لە درێژەى سەردانەکەى بۆ وڵاتى کرواتیا بەشدارى کرد لە حەفتەى کولتوورى کوردستان کرواتیا کە شاندێکى گەورەى هونەرمەند و ڕۆشنبیرانى هەرێمى کوردستان لە بوارەکانى شانۆ و مۆسیقا و کولتوور بە ژمارەیەک کۆڕ و چالاکى بەشدارییان تێدا کرد.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى ١٩/٧/٢٠١٥ بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە بەشدارى لە مەراسیمى کۆتایى 'ڤستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکەی زاگریب'ـدا کرد کە هاوشێوەى نەتەوەکانى بەشداربوو تیپى هونەرە میللیەکانى کوردستان بە تابلۆیەکى نمایشى کولتوورى بەشداریان کرد کە بە ئاڵاى کوردستان کولتوور و مێژووى کوردستانیان بە ئامادەبووانى بەشداربووان ناساند و نمایشەکە جێگەى سەرنج و بایەخى ئامادەبووان بوو.

هەروەها لە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٢٠/٧/٢٠١٥ بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە بەشدارى کرد لە سیمینار و پێشانگاى ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد کە لە چوارچێوەى چالاکیەکانى حەفتەى کولتوورى کوردى کرواتیا لە باڵەخانەى ئەرشیفى دەوڵەتى کرواتیا ڕێک خرابوو. لە سەرەتادا د. ڤلاتکا لێمیج بەرپرسى سەنتەرى ئەرشیفى دەوڵەتى کرواتیا بەخێرهاتنى میوانەکانى کرد و باسى لە کاروچالاکیەکانى سەنتەرەکە کرد و ئامادەییی دەربڕى بۆ هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوەکانى پەیوەندارى بە ئەرشیف و پاراستنى دۆکیومێنت و لێکۆلێنەوە لە هەرێمى کوردستان.

دواتر پوختەیەک دەربارەى مێژووى کورد و کارەساتەکانى جینۆساید کە لەلایەن ڕژێمە جیاوازەکانەوە دژى نەتەوەى کورد ئەنجام دراوە پێشکەش کرا کە بەدرێژایى مێژوو هەوڵى لەناوبردنى گەلى کوردیان داوە.

باڵیۆز یەرکۆ ڤۆکاس باسى لە مێژووى هاوبەشى نێوان کرواتیا و گەلى کوردستان کرد لە خەباتیان بۆ بەدەست هێنانى مافە ڕەواکانیان لەلایەن ڕژێمەکان چەوسێنراونەتەوە و ڕووبەڕووى جینۆساید و نەهامەتى بوونەتەوە. ڕەوەندى کوردستانى و کرواتیا لە دەرەوە لە زۆر شوێن لە ڕابردوودا بەیەکەوە کاریان کردووە بۆ پشتگیرى لە دۆزى ڕەواى گەلەکەیان.

فەلاح مستەفا لە سیمینارەکە گوتەیەکى پێشکەش کرد گووتى کە خەباتى گەلى کوردستان و بەرهەمى خوێنى شەهیدان بۆ گەیشتن بە مافەڕەواکانى نەتەوەکەمان بووە و گەلى کوردستان دەیەوێت بە ئاشتى و ئازادى بژیت لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەییەکان و هاوشێوەى نەتەوەکانى تر مافى چارەى خۆنووسینى هەبێت. کرواتیا بە هەمان ڕێگادا ڕۆیشتووە بۆیە دەزانین کە تێگەیشتنى تەواویان هەیە بۆ مافى گەلى کوردستان کە دەیەوێت داهاتوویەکى گەشى هەبێت ڕووداوە خەمناکەکانى وەک ئەنفال و جینۆسایدى هەڵەبجە و گەرمیان و کوردە فەیلییەکان و بارزانییەکان و بالیسان و شێخ وەسانان دووبارە نەبێتەوە. هەموو ئەو ڕووداوانە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بە جینۆساید بناسرێنێت نەکا دووبارە ببێتەوە، وەک ئەوەى کە لە ساڵى ٢٠١٤ گروپى تیرۆریستى داعش کوردە ئێزدییەکانی جینۆساید کرد.

کوردستان پێویستى بە پشتگیرى هەیە لە ووڵاتانى دۆست و پێشمەرگە خەبات دەکات بۆ هەمان ئەو بنەمایانەى کە ئێمە باوەڕمان پێیەتى. دواتر بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشانگاى وێنەکانى کارەساتى ئەنفاڵ و جینۆسایدکردنی گەلى کوردستان کردەوە.

لە ئێوارەى هەمان ڕۆژى دووشەممە ٢٠/٧/٢٠١٥ بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە بەشدارى لە چالاکیەکى تر حەفتەى کولتوورى کوردى کرواتیا کرد کە بریتى بوو لە کۆنسێرتێک بۆ هەردوو هونەرمەندى لاو (گۆران ساڵح) و (پەرواز حسین) کرد و کە لە بەشێکى کۆنسێرتەکەدا چەند چالاکیەکى هاوبەشى نێوان گروپى کوردستان و کرواتیا پێشکەش کرا لە ڕووى نمایشى کولتوورى و میوزیک.

(فەلاح مستەفا) بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە کۆتایى بە سەردانەکەى هێنا بۆ وڵاتى کرواتیا کە لەسەر بانگهێشتى ڤێزنا پوسیج جێگرى یەکەمى سەرۆکوەزیران و وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە سەردانى کرواتیاى کردبوو لە فڕۆکەخانەى زاگریبى نێودەوڵەتى لەلایەن یەرکۆ ڤۆکاس باڵیۆزى کرواتیا لە عێراق بەڕێخران. ئەوەى جێگەى ئاماژەیە کە هەریەک لە (شێرزاد ئازاد سوڵتان) ڕاوێژکارى سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیران و (تۆفیق ڕەحمان) بەڕێوەبەرى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و (نیاز بارزانى) بەڕێوەبەرى پەیوەندى و ڕاگەیاندن یاوەرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە بوون لەو سەردانەدا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار