داعش گازی كلۆری دژی پێشمەرگە بەكار هێناوە.. (باراك ئۆباما)ـیش ئاگادارە

هەولێر-KDP.info- بە گوێرەی راپۆرتێك كە دوو سەنتەری لێكۆڵینەوەی بەریتانیا بە هاوبەشی ئەنجامیان داوە، تیرۆریستانی داعش گازی كلۆریان لە دژی هێزەكانی پێشمەرگە بەكار هێناوە.
بەپێی ئەو راپۆرتە هاوبەشە كە لەلایەن سەنتەری CARوSAHANی سەربەخۆوە ئامادە كراوە، باس لەوە دەكرێت داعش لە بەرەكانی شەڕدا لە عێراق و سووریا ماددەی كیمیایی بە رێژەیەكی زۆر بەكار دەهێنێت.
راپۆرتەكە ئەوەیش دەخاتە ڕوو: "چەند تیمێك نێردراونەتە هەندێك شوێن كە پێدەچێت داعش لە ماوەی مانگی رابردوودا چەكی كیمیایی تێدا بەكار هێنابێت و دوو لەو شوێنانە لە حەسەكەی رۆژئاوای كوردستانن و یەكێكی دیكەیشیان بۆ لێكۆڵینەوە بووە لە هاوەنێكی 120 میللیمەتری كە كەوتووەتە نزیك هێزەكانی پێشمەرگە لە نزیك بەنداوی مووسڵ، بەڵام نەتەقیوەتەوە".
(جەیمس بیڤان) بەڕێوەبەری گشتیی CARدەڵێ: "تیمی لێكۆڵینەوەكانمان دوای هەفتەیەك لە هێرشەكەی نزیك بەنداوی مووسڵ گەییشتنە شوێنی رووداوەكە. تەنانەت ئەو كاتەیش ئەو ماددە شلە رەشەی لە گوللەهاوەنەكە دەردەچوو، بۆنێكی ناخۆشی لێ دەهات".
دەشڵێت: "ئەندامانی تیمی لێكۆڵینەوەكەمان كاتێك لێی نزیك بوونەوە تووشی سەرئێشە و دڵتێكهەڵهاتن بوون كە ئەمەیش هەمان ئەو حاڵەتانەن كە لە كاتی بەركەوتن بە گازی كلۆر تووشی مرۆڤ دەبن".
هەردوو سەنتەرەكە باس لەوەیش دەكەن كە ئەو بەڵگەنامە هاوبەشەیان دەبێتە "یەكەم پشتڕاستكرنەوەی ئەو دەنگۆیانەی كە دەگوترا داعش ئەو مووشەكانەی دژی هێزە كوردییەكان و هێزەكانی دیكە بەكار هێناوە، ماددەی كیمیایی وەكو گازی كلۆریان تێدایە".
لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ چەند بەڵگەیەكیان لەسەر بەكارهێنانی گازی خنكێنەر لەلایەن داعشەوە دەست خست و رایانگەیاند: "داعش گازی 4SO2H كە گازێكی بەهێزی ژەهراوییە، خستووەتە نێو دوو بوتڵی غازی ماڵانەوە، هەروەها گازی كلۆر كە ئەویش گازێكی خنكێنەرە، لە شێوەی بۆمبی چێنراو بۆ پێشمەرگەی داناوە، بەڵام پێش ئەوەی بتەقنەوە، لە لایەن پێشمەرگەوە پووچەڵ كرانەوە".
ئەفسەرێكی پێشمەرگە كە خۆی ئەو بۆمبەی پووچەڵ كردووەتەوە ، باسی ئەو ساتە دەكات بۆمبەكەی بینیوە، بەوەیشدا زانیویەتی كە گازی سوتێنەری تێدایە، هەندێك گازی ناو بۆمبەكە كە رژاوەتە سەر زەوی و چواردەوری خۆی سوتاندووە، زەوییەكەیش رەش بووە.
وەزارەتی پێشمەرگە هاوپەیمانانی لە بوونی ئەو بەڵگانە ئاگادار كردووەتەوە، تەنانەت وەك ئەفسەرەكانی كەتیبەی ئەندازە دەڵێن، (باراك ئۆباما)ـیشی لێ ئاگادار كراوەتەوە.




