٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی: بە خەڵکی کوردستان رادەگەیەنین چیمان بۆ بردوونەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

پراگ-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) لە پراگی پایتەختی چیک رایگەیاند، باوەڕی وایە کە، ئەزموونی چیک و سلۆڤاک زۆر باشە و دەکرێ زۆر سوودی لێ وەربگرن.

گوتیشی، لەو سەردانەیاندا زیاتر لەوەی پێشبینییان دەکرد بەدەست هاتووە. موژدەی ئەوەیشی دا کە، کاتێ دەگەڕینەوە کوردستان، بە خەڵکی کوردستانیش رادەگەیەنن چییان بۆ بردوونەتەوە.

(سەرۆک بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، روونی کردەوە، زۆر لە دەوڵەتان هەمان هەڵوێستی هەنگاریایان هەیە، کە سەرۆکوەزیرانەکەی رایگەیاند پشتگیریی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکەن. (سەرۆک بارزانی) جەختی کردەوە "زۆر لە دەوڵەتان پشتگیری ئەوە دەکەن، کە گەلی کوردستان خۆی بڕیاری لەسەر دەدات".

(سەرۆک بارزانی) کە ئێستا لە چیکە، لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕووداوی ڕاگەیاند "ئەزموونی چیک و سلۆڤاکیا دەریدەخات هیچ یەکێتییەکی بەزۆر سەرناگرێت".

رۆژی 3 ـی ئەم مانگە (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە یاوەریی شاندێک بەرەو ئەمەریکا بەڕێکەوت و دوای ئەمەریکا چووە هەنگاریا، ئێستایش لە چیکە.


پرسیار: ئایا تائێستا توانیوتانە ئەوە بەدەستبێنن، کە چاوەڕێتان دەکرد؟
(سەرۆک بارزانی): بەشێوەیەکی گشتی سەردانەکەمان زۆر سەرکەوتووە و، رەنگە زیاتر لەوەی چاوەڕێمان دەکرد بەدەستمانهێنابێت.

پرسیار: ئایا پێشبینیتان دەکرد کە سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا بەوشێوەیە پشتگیریی بڕیاری پاشەڕۆژی کوردستان بکات؟
(سەرۆک بارزانی): زۆر لەو دەوڵەتانە ئەو ئامادەییەیان تێدایە، کە پشتگیریی بڕیاری گەلی کوردستان بکەن، بۆیە ئێمە کاتی خۆیشی گوتمان با ریفراندۆم بکرێت. بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بڕیار بدات، زۆر لە دۆستان بە مافێکی سرووشتی خەڵکی کوردستانی دەزانن.

پرسیار: هیچ وڵاتێک ئاوا پشتگیریی خۆیان بۆ ئێوە ئاشکرا کردووە؟
(سەرۆک بارزانی): زۆر لە وڵاتان هەمان هەڵوێستیان هەیە، بەڵام چۆن ئاشکرای دەکەن و چۆن دەیڵێن، رەنگە موناسەبەتێکی لەو شێوەیە هەبێت هەمان هەڵوێست پیشان بدەن، ئەوان دەڵێن ئێمە تەئیدی ئەو بڕیارە دەکەین کە میللەتی کورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، ئەوە شتێکی زۆر سرووشتییە.

پرسیار: ئێستا ئێوە لە چیکن، چیک و سلۆڤاکیا بە شێوەیەکی زۆر ئاشتییانە لە یەکتر جیا بوونەوە، ئایا لەو باوەڕەدان هەرێمی کوردستان بتوانێت لە عێراق جیا بێتەوە؟
(سەرۆک بارزانی): ئەزموونی چیک و سلۆڤاکیا تەجرووبەیەکی زۆر سەرکەوتوو و زیندووە، ئەوە پیشان دەدات کە نە یەکێتی بەزۆر، نە لێکجیاکردنەوەی بەزۆر سەردەگرێت. بۆیە پێموایە ئەزموونی چیک و سلۆڤاک زۆر باشە و دەکرێ زۆر سوودی لێ وەربگرین.

پرسیار: دەگوترێ ئامانجی سەردانەکەتان بۆ چیک و هەنگاریا داواکردنی چەکە بۆ پێشمەرگە، راستە؟
(سەرۆک بارزانی): هەردووکیان لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەن کە یارمەتیی پێشمەرگە دەدەن، لە شەڕی دژی داعش. بێگومان یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانی ئێمە بۆ هەنگاریا و چیک بۆ ئەوەیە کە یارمەتیی زیاتری پێشمەرگە بدەن لە شەڕی داعش.

پرسیار: بەڵێنیان پێدان؟
(سەرۆک بارزانی): بەڵێ، ئامادەییان تێدایە.

پرسیار: زۆرجار وڵاتانی رۆژئاوا و ئێوەش دەڵێن پێشمەرگە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕ دەکات، ئایا توانیتان ئەوە بە کردار و بە بەڵێن لە ئەمەریکا و هەنگاریا و چیک ببینن؟
(سەرۆک بارزانی): بێگومان رێز و پێزانینێکی یەکجار یەکجار زۆر هەیە بۆ پێشمەرگە و هەموو ئەو لایەنانەی کە لە ئەمەریکا و ئەورووپا بینیمانن، هەموو زۆر زۆر مەدحی پێشمەرگە دەکەن و ئامادەیی خۆیان بۆ پشتگیریی پێشمەرگە نیشان دا و، هەمووان دەڵێن پێشمەرگە لە جیاتی جیهانی ئازاد شەڕ دەکات.

پرسیار: بیستمان کە سەرۆکی چیک دەستخۆشی و رێز و سوپاسی زۆری بۆ پێشمەرگە هەبووە، چۆن ئەو سوپاسەی بە ئێوە راگەیاند؟
(سەرۆک بارزانی): راستە، زۆر زۆر خۆییانە رەفتاری کرد، زۆر رێزی لێ گرتین، زۆریش مەدحی پێشمەرگە و کوردی کرد، دیاربوو سۆزی زۆری هەبوو بۆ دۆزی گەلەکەمان.

پرسیار: رفاندنی ئافرەتانی کوردی ئێزدی بووەتە بابەتێکی گفتوگۆکانتان لە ئەمەریکا و ئەورووپا؟
(سەرۆک بارزانی): بە دڵنیاییەوە ئەوە بابەتێکی زۆر زۆر گرینگە و بۆ هەمووانیشمان روون کردووەتەوە، کە ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەوانە خۆش نابین، کە ئەو تاوانەیان کردووە. خۆشبەختانە دەزگاکانمان توانیویانە تا ئێستا ١٢٠٠ ژن و منداڵ رزگاربکەن و ئینشاڵڵا ئەوانی دیکەش رزگار دەکرێن.

پرسیار: لە گفتوگۆکان باستان لە دۆخی ئێستای خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کردووە؟
(سەرۆک بارزانی): مەعلوومە پرسی کۆبانێ یەکێک بوو لە بابەتەکان، کە خەڵکەکە دەیانزانی کە پێشمەرگە لە کۆبانێ چ رۆڵێکی هەبووە، باسی رۆژئاوایش کراوە و، پێشمانگوتوون لە هەر شوێنێک بتوانین یارمەتیی خوشک و براکانمان بدەین درێخی ناکەین.

رووداو: ئێوە لە ئەمەریکا ئەوەتان بەدەست هێناوە کە چاوەڕێتان دەکرد؟
(سەرۆک بارزانی): بەڵێ، من لەوێیش گوتم و ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە، کە ئەوەی لە ئەمەریکامان بیست و بەدەستمان هێناوە، زیاتربوو لەوەی چاوەڕێمان دەکرد.

پرسیار: خەڵک زۆر چاوەڕێی ئەنجامی ئەو سەردانەتانن، بە چ هەواڵێک دەگەڕێنەوە کوردستان؟
(سەرۆک بارزانی): وەڵا بە هەواڵی خۆشەوە ئینشاڵڵا، بە خەڵکی کوردستانیش رادەگەیێنین چیمان بۆ بردوونەتەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار