٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆشیار زێباری نیگەرانە.. عەبادییش بە بڕیاری شەخسی بەشەبودجەی ھەرێمی بریوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بڕیارێکی شەخسی و بێ گەڕانەوە بۆ ھیچ لایەک بەشەبودجەی ھەرێمی کەم کردووە، لەسەر ئەمەش کێشە لەنێوان وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیراندا دروست بووە؛ ئەو جەختیش دەکاتەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەموو ئەگەرەکان تاوتوو دەکرێن.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق(مەسعوود حەیدەر) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی عێراق(عەبادی) لە مانگی چوار کتوپڕ بڕیاریکی شەخسی دەرکردووە بە کەمکردنەوەی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان، بەبێ ھەماھەنگی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق(هۆشیار زێباری) و حکوومەتی ھەرێم؛ ئاخر ئەمە خۆی دروستکردنی قەیرانە و پابەندنەبوونە بە یاسای بودجەوە، بۆیە ئەمڕۆ لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا کۆ دەبینەوە و ھەموو ئەگەرەکان تاوتوو دەکەین."
(حەیدەر) ڕایشی وایە کە، لەئێستادا باشترە ھەوڵ بدریت بەپێی یاسا ئەو کێشەیە چارە بکرێت، پێویستە ئەوە نیشان بدرێت کە سەرۆکوەزیران یاسای پێشێل کردووە و ئەگەر ئەمە نەکرێت مژارەکانی پێش کورد چییە و، ھەر بژاردەیەکیش لە بەرژەوەندیی کورد دابێت پشتوانی ئەوە بکرێت.

(مەسعوود حەیدر) چۆنیەتیی بڕێنی بەشەبودجەی هەرێمی وەها ڕوون کردەوە کە، لە قۆناغی یەکەم ٣٥%ـی پارەکە کەم کرایەوە و دواتریش ١٠%ـی، لە قۆناغی یەکەمی بڕینەکە بە سەردانێکی فەرمی وەزیری داراییی عێراق لە دەرەوەی وڵات بووە و ئەوەی دیکەیش هێشتا ھۆکارەکەی دیار نییە.
(حەیدەر)جەختیش دەکاتەوە: وەزیری دارایی زۆر ھەوڵی داوە سەرۆکوەزیران پاشگەز بێتەوە لەو بڕیارەی داویەتی، بەڵام (عەبادی) پێداگری لە بڕیارەکەی کردووە، بۆیە گرژی لەنێوانیاندا دروست بووە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار