17 هەڵاتووی زیندانی خاڵس دەستگیر كرانەوە

دیالە-KDP.info-سەرچاوەیەكی ئەمنی لە دیالە ئاشكرای کرد، هێزە ئەمنییەكان 17 کەس لە بەندكراوە هەڵاتووەكانی گرتووخانەی خاڵسیان دەستگیر كردووەتەوە.
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، (سادق حوسێنی)، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، لەو سێ ڕۆژەی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەكان لە سنووری شارۆچكەی خاڵس توانیویانە 17 كەس لەو بەندكراوە هەڵاتووانە دەستگیر بكەنەوە كە لە زیندانی خاڵس هەڵهاتوونە. دەڵێ هەتا ئەوانی دیکەیش نەگرنەوە، وازیان لێ ناهێنن.
ئەو هەینییەی ڕابرد، کۆمەڵە بەندكراوێکی بەندیخانەی پۆلیسی شارۆچكەی خاڵس لە سنووری پارێزگای دیالە، بە یارمەتیی چەند پۆلیسێكی بەندیخانەكە، دەستیان گەیشتە چەك و کردیان بە شەڕ؛ لەو شەڕەدا 30 زیندانی و 20 زیندانەوان كوژران و، 30 بەندكراویش ڕایانکرد؛ زۆربەی ڕاکردەکان تیرۆریستی سەر بە داعش و قاعیدەن.




