لە دهۆک 35 لێکۆڵینەوەی پێوەست بە دادوەری پێشکەش دەکرێن

دهۆک -KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشداری کرد لە کۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتی لە دهۆک کە پێوەستە بە دادوەری؛ لە کۆنفرانسەکەیشدا 35 لێکۆڵینەوە پێشکەش دەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە لە زانکۆی دهۆک بە ئامادەبوونی (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەژێر ناونیشانی بەرەو ئاسۆیەکی نوێ بۆ دادوەری شێوازی شوێنگرەوە بۆ دادوەری لەپێناو چارەکردنی کێشەکان، دووەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتیی کۆلیژی یاسا و زانستە سیاسییەکان ساز کرا.
ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆنفرانسە دوو ڕۆژییە دیاریکردنی گرفتە سەرەکییەکانی سەر ڕێی دادوەری بۆ چارەی کێشەکان و بۆچوون و ئەزموونی وڵآتان لەمبارەوە و هەڵسەنگاندن و سوودوەرگرتن لەو ئەزموونانە و دانانی ڕاسپاردەی گونجاو بۆ ئەوەی ببێتە پشتیوانیی دەسەڵاتی یاسا و دادوەری هەتا ڕێی چارەسەری نیشان بدات.
لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا کە ڕاوێژکاری سەرکۆمار و نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و مامۆستا و توێژەری خاوەنی پایەی زانستی لە ناوەوە و هەروەها لە وڵاتانی ئوردن و میسر و تورکیا و جەزائریش ئامادەبوون وتەی بەخێرهاتن و وتاری لیژنەی باڵا و وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانکۆ پێشکەش کرا و، تیشک لەسەر بایەخی ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە لەم کات و ساتە کرایەوە و کە هێزی پێشمەرگە لە شەڕێکی چارەنووسسازدایە و گەلی کوردستان دەیەوێ بە شێوەیەکی زانستی بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێ و گەشە بە دامەزراوە یاساییەکانی بدات.
شایانی باسە 88 لێکۆڵینەوەی جیاواز ئاراستەی کۆنفرانسەکە کراوە و 75 لێکۆڵینەوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە کە 58ـیان وەک لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەستنیشان کراوە لەلایەن گۆڤاری زانکۆ و لەوانە 35 لێکۆڵینەوەی پسپۆڕان و توێژەران لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەش دەکرێت.




