مه‌سروور بارزانى: جه‌نابی سه‌رۆك هه‌واڵی خۆشی پێیه و كوردستان به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنی زیاتر هه‌نگاو ده‌نێت

هەولێر-KDP.info- (مه‌سروور بارزانى) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامى شاندى هه‌رێمى كوردستان بۆ واشنتۆن له لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ "كوردستان تى ڤى" باس له ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كان و پێگه‌ی به‌هێزی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان دڵنیا ده‌كاته‌وه كه (سه‌رۆك بارزانى) مزگینى سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ى پێیه .
له ماوه‌ی كه‌متر له 48 سەعاتدا
له‌باره‌ی ره‌وشی سه‌قامگیری كوردستان (مه‌سروور بارزانى) گوتی: من پێشه‌كی ده‌ستخۆشی له‌و هه‌ڤاڵانه‌م ده‌كه‌م، كه توانییان له كاتێكی زۆر خێرادا و له ماوه‌ی كه‌متر له 48 سەعاتدا زۆربه‌ی ئه‌و تیرۆریستانه ده‌ستگیر بكه‌ن، كه ته‌قینه‌وه‌یان له شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه له هه‌ولێر كرد، دوای ئه‌وه‌ش له ئۆپه‌راسیۆنێكی پێشتر به‌رنامه بۆ داڕێژراودا به‌رپرسێكی گه‌وره‌یان بكوژرێ. ئێوه ئاگادارن له‌م دوایه‌ش له كه‌ركووك گه‌وره تیرۆیستێكی دیكه، كه به‌رپرس بووه له زۆربه‌ی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی له كوردستان ئه‌نجام دراون، ده‌ستگیر كرا. ئه‌مه له خۆیدا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، كه توانای هه‌ڤاڵانی ئێمه زۆره و ئه‌وانه‌ی بیانه‌وێ ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ناتوانن ده‌ربازیان بێت و دادگا ده‌ستی پێیان ده‌گات. ئێستا ئه‌وانه هه‌موویان ده‌ستگیركراون، په‌نا به خوا ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی دیكه روونه‌دات. ئه‌وانه‌ی بیریش له ئه‌نجامدانی خراپه‌كاری له كوردستان ده‌كه‌نه‌وه ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانن، كه ئه‌نجامی كرده‌وه‌كانیان به ده‌ستگیركردن و له‌ناوچوونیان ده‌بێت.
پێڕاگه‌یاندنی په‌یامی گه‌لی كورد
له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی ئه‌مەریكا (مه‌سروور بارزانی) گوتی: جه‌نابی سه‌رۆك له سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ واشنتۆن و له چوپێكه‌وتنه‌كانیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی ئه‌مەریكا و به‌رپرسانی دیكه‌ی حكوومه‌تی ئه‌مەریكا و به‌رپرسان له سێنات و كۆنگرێسی ئه‌مەریكا په‌یامی گه‌لی كوردی پێڕاگه‌یاندن و سوپاسی پشتیوانی ئه‌مەریكای كرد، كه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام پشتیوانیان له گه‌لی كورد كردووه، به‌تایبه‌تی هێرشه ئاسمانییه‌كان و ئه‌و پشتیوانییه‌ی كه له‌رووی سه‌ربازییه‌وه به ده‌ست كورد گه‌یشتوون. هه‌روه‌ها له چوارچێوه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مەریكا له شه‌ڕی دژی داعشدا هاوكاری پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن.
ده‌ستنیشانكردنی داهاتووییه‌كی روناك
له‌باره‌ی په‌یامی (سه‌رۆك بارزانی) بۆ سه‌ركردایه‌تیی ئه‌مەریكا، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان گوتی: په‌یامی گه‌لی كوردی به سه‌ركردایه‌تی ئه‌مەریكا گه‌یاند، كه پێویسته داهاتووییه‌كی رووناك بۆ گه‌لی كورد ده‌ستنیشان بكرێ و دڵنیا بێته‌وه له‌وه‌ی گه‌لی كورد جارێكی دیكه تووشی كاره‌سات و مه‌ینه‌تی نابێته‌وه.
كورد هاوپه‌یمانێكی نێزیك
له‌باره‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به (سه‌رۆك بارزانی) دراوه، ئه‌ندامی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ واشنتۆن گوتی: له چاوپێكه‌وتنه‌كاندا هه‌ستمان كرد له لایه‌ن ئه‌مەریكاوه پشتیوانییه‌كی زۆر بۆ گه‌لی كورد هه‌یه، به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان داوه، كه جارێكی دیكه نایه‌ڵن خیانه‌ت له گه‌لی كورد بكرێ و نایه‌ڵن ده‌ستدرێژی بكرێته سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان. وه‌كو هاوپه‌یمانێكی نێزیك له شه‌ڕی دژی تیرۆریزم و له سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌دا به شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌یری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها به‌ڵێنی هاوكاری به‌رده‌وامیشیان بۆ پێشمه‌رگه و بۆ خه‌ڵكی كوردستان داوه و سوپاسی هه‌رێمی كوردستانیان كرد بۆ له‌خۆگرتنی زیاتر له ملیۆنێك و نیو په‌نابه‌ر چ ئه‌وانه‌ی له‌ناو عێراق و چ ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی عێراق هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مه‌شیان وه‌كو نمونه‌یه‌ك له‌به‌رچاوه، كه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا خه‌ڵكی كوردستان توانیویه‌تی پشانی هه‌موو دنیا بدات، كه له ناوچه‌كه‌دا نمونه‌یه‌كی جیاوازن و ده‌توانن مه‌سه‌له‌ی پێكه‌وه‌ژیان و رێزگرتن له ئاین و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه بكه‌ن به بنه‌مای سیاسه‌تی خۆیان. ئه‌مه‌ش جێی رێز و پێزانینی هه‌موو لایه‌ك بوو.
به‌رهه‌می خه‌بات و ماندوبوونی پێشمه‌رگه
هه‌ر په‌یوه‌ست به ورده‌كاریی و به‌ڵێنه‌كان (مه‌سروور بارزانی) گوتی: له هه‌موو روویێكه‌وه قسه كراوه، داوای هاوكاری كراوه بۆئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو روویێكه‌وه به‌هێز بێت، به‌ڵێنیش دراوه، كه به‌رده‌وام هاوكاریمان بكرێ، هه‌ندێ شتی دیكه، كه ورده‌كارین له كاتی خۆیدا باسی لێده‌كه‌ین. من ده‌مه‌وێ به تایبه‌تی به خوشك و برایانی خۆشه‌ویستم و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان بڵێم، ئه‌و رێز و پێزانینه‌ی ئێستا له شاندی هه‌رێمی كوردستان ده‌گیرێ به‌رهه‌می خه‌بات و ماندوبوونی ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه‌یه، كه ده‌بێ هه‌موومان سه‌به‌رز بین و سوپاسی زه‌حمه‌ت و ماندوبوونی ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه بكه‌ین، به‌تایبه‌تی خوێنی شه‌هیدان، كه بووه‌ته هه‌وێنی سه‌ركه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و رێز و پێزانینه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستان ده‌گیرێ.
سه‌قامگیری و سه‌ركه‌وتنی زیاتر
له كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانی دڵنیا كرده‌وه، كه جه‌نابی سه‌رۆك مژده‌ی خۆشی پێیه و گوتی: ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌شیان پێ بڵێم، كه دڵنیا بن جه‌نابی سه‌رۆك هه‌واڵی خۆشی پێیه و په‌نا به خوا كوردستان به‌ره‌و سه‌قامگیری زیاتر و سه‌ركه‌وتنی زیاتر هه‌نگاو ده‌نێت.




