٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەگەر بەغدا بەم شێوەیە مامەڵە بكات، ڕێككەوتنەكە هەڵدەوەشێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "تێناگەین بۆچی بەغدا لە میزانییەی مانگی نیساندا بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كرد، لە كاتێكدا (عادل عەبدولمەهدی) خۆی ڕایگەیاندووە، هەرێمی كوردستان بە تەواوی بە ڕێككەوتنەكەوە پابەند بووە، بە تایبەتی لە مانگی نیساندا".

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. عەرەفات كەرەم) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تێناگەین بۆچی بەغدا لە میزانییەی مانگی نیساندا بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كرد و تا ئێستایش وەڵاممان دەست نەكەوتووە كە بۆچی 35%ـی بودجەكەیان بڕیوە، لە كاتێكدا كوردستان لە قەیرانی داراییدایە، ڕوون نییە بۆچی وایان كردووە".
(كەرەم) گوتیشی: "ئێمە بەڵگە بۆ پاساوەكانی بەغدا دەهێنینەوە كە وەزیری نەوتی عێراق (عادل عەبدولمەهدی) خۆی ڕایگەیاندووە هەرێمی كوردستان بە تەواوی بە ڕێككەوتنەكەوە پابەند بووە بە تایبەتی لە مانگی نیسان و، نەوتی زۆرتریشی ناردووە، بۆیە لەسەر بنەمای قسەكانی وەزیری نەوتی عێراق بێت، دەبوو بەغدا زیاتر لە ترلیۆنێك دیناری بۆ هەرێمی كوردستان بناردایە، ئێستایش دەبێت سەرۆكوەزیرانی عێراق وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: "ئێمە هەست دەكەین گوشارێكی گەورە لەسەر (حەیدەر عەبادی) هەیە، تەنانەت داوای كردووە گرفتەكانی حكوومەت، مەرجەعییەتی باڵای عێراق بڕیاریان لەسەر بدات، واتە لەناو ئەو هەموو گرفتانەدا نازانێت چی بكات، لە هەمان كاتدا ئێمە هەست دەكەین ئەم بڕیارە لەلایەن هاوپەیمانیی نیشتیمانییەوە دراوە نەك سەرۆكوەزیرانی عێراق، چونكە ئەویان خستووەتە ژێر گوشارەوە".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ئەگەر بەغدا بەم شێوەیە مامەڵە بكات، ڕێككەوتنەكە هەڵدەوەشێتەوە و دەبێت خۆیشی بەرپرسیارەتی هەڵبگرێت.
كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار