حوسێن یەزدانپەنا: لە شەڕێكی پارتیزانیدا 11 داعشمان كوشتن

كەركووك-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە قەڵای ڕۆژهەڵات، ئاماژە بە هێرشێكی پارتیزانیی پێشمەرگە دەكات و دەڵێت: "11 داعشمان كوشتوون و لە هەر شوێنێكیش تیرۆریستان ببنە مایەی مەترسی، تەفروتونایان دەكەین".
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە قەڵای ڕۆژهەڵات لە كەركووك (حوسێن یەزدانپەنا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "درەنگانی ئێوارەی دوێنێ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە گوندی گوبەیبە هێرشێكی پارتیزانییان ئەنجام دا و، دوای گەمارۆدانی گوندەكە كە بووەتە مۆڵگەی سەرەكیی داعش لە حەویجە، دەستمان كرد بە موشەكبارانكردنیان، ئەمە لە كاتێكدا داعش بە تەواوی چەكی قورس و پێداویستیی سەربازییەوە لەو گوندە خۆیان جێگر كردبوو، بەڵام ئێمە دوای گەمارۆدانیان چەكەكانیشیانمان كردنە ئامانج و لە شەڕێكی سێسەعاتیی نێوان ئێمە و داعشدا، 11 تیرۆریست كوژران".
گوتیشی: "دواتر فڕۆكەی هاوپەیمانان مۆڵگە سەرەكییەكانی داعشیان وێران كردن و لە ئاكامی ئەو شەڕەدا دەیان داعش كوژران، بە چاوی خۆیشمان دەمانبینی كە چۆن هەوڵی بردنەوەی لاشەكانیان دەدەن، بەڵام دووبارە قەڵاچۆمان كردن و بە قەنناس ژمارەیەكی دیكەیشمان لەناو بردن".
(یەزدانپەنا) ئاماژەیشی دا: "ئامانج لەو هێرشە تەمبێكردنی داعش بوو، ئەگەرنا بە ئاسانی دەمانتوانی بچینە ناو گوندەكەوە".
كارزان سەباح هەورامی




