بەغدا لێمان جیا دەبێتەوە

زكری مووسا
ئۆباما تەنیا بیست خولەك شاندی كوردستانی بینی. مەسەلەی سەربەخۆیی باس نەكراوە و تەنیا بۆ پڕۆپاگەندە و فووتێكردنە. ناوی شاندی كوردی لە لیستی میوانانی كۆشكی سپی نییە و، دەیان خوێندنەوەی ساویلكانە كە ئامانجی كەمكردنەوەی بایەخی ویستی سەربەخۆییە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم تەرزە خوێندنەوانە دادی كەس نادات ڕێگر بێت لە پڕۆسەی سەربەخۆیی. چونكە واقیع شتێكی دیكەیە و پڕۆسەی سەربەخۆیی كەوتووەتە سەر ڕێگەی خۆی و دواجار دەچەسپێت.
ئێستا چی ڕووی داوە و چ شتێك ئەم پڕۆسەیە خێراتر دەكات؟
بەغدا لە شەڕی داعش یارمەتیی كوردستانی نەدا و نەیتوانی پێكهاتەكان لە هەڕەشەی تیرۆر بپارێزێ و، نەیشیتوانی بەرهوڕووی داعش بێتەوە. كوردستان پێكهاتەكانی پاراست و داعشی تێكشكاندا و خاكی خۆیشی بە خوێن وەرگرتەوە.
بەغدا، كوردستانی خستە ژێر ئابلۆقە و بودجەی بڕی و، پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبوو و، بە هیچ شێوەیەك یارمەتیی ئەو عێراقیانەی نەدا كە ئاوارەی كوردستان بوون. بەغدا نە كوردستان و نە ئاوارەكانیش بە هاووڵاتی عێراقی نازانێ. كوردستان بەرگەی گوشارەكانی گرت و لەو ئابلۆقەیەدا شەڕی داعشی بردەوە و یەك ملیۆن و پێنجسەدهەزار ئاوارەیشی حەواندەوە.
سەرۆكی هەرێم تابۆی سەربەخۆیی شكاند. ئیتر ئەوە نە بڤەیە و نە خەونیشە و هەموو كەس بوێرانە باسی دەكات. زلهێزەكانیش وەك جاران ڕێگە بە خۆیان نادەن ڕەفزی بكەنەوە. دراوسێكانیش تا ئێستا ڕێگەیان بە خۆیان نەداوە وەك جاران بە ئاشكرا دژی بن.
ئەمەریكا ڕازی بێت یان نا دراوسێكان دژ بن یان نا، سەربەخۆیی لەدایك بووە، وا پێ دەگرێت و دەبێتە دیفاكتۆ. لە ڕاستیدا ئەگەر لایەنە كوردییەكان بەهۆی ڕق و چاوچنۆكی لە دژیشی بوەستنەوە، ئەوا بەغدا ئەم پڕۆسەیە خێراتر دەكات و دەیجووڵێنێت. بۆ؟ چونكە حوكمی تاییفیی بەغدا چیتر ناتوانێ لەگەڵ كوردستان و پێوەرە دیموكراسیخوازەكانیدا بژیێت و، چونكە نایشتوانێ سەركوتی بكات و لەناوی بەرێت، ئەوا بە ناچاری لێی جیا دەبێتەوە.
هەموو ئاماژەكان دەرخەری ئەوەن كە بەغدا كوردستان بە بەشێك لە عێراق نازانێ. ئەوە لە سەردەمی مالیكی و لە كاتی ئۆپهڕاسیۆنی دیجلە دەستی پێكرد و، ئێستایش تەنیا وەك كڕیاری نەوتی كوردستانە نەك شتێكی دی. لە ڕوانگەی بەغداوە هیچ پەتێكی ڕۆحی و مەعنەوی و ماددی بەغدا بە كوردستان نابەستێتەوە.
جیابوونەوەی بەغدا و سەربەخۆیی پڕۆسەیەكی حەتمییە، بۆیە پێویستە لەناوخۆدا لە جیاتی دژایەتیكردنی سەربەخۆیی و هێنانەوەی بڕوبیانووی هەرزەكارانە، دەبێ قبووڵ بكرێ و یارمەتیی دەوڵەمەندبوونی بدرێت. دەبێ دەوڵەتی كوردستان لەسەر بنەمای بەهاكانی سەردەم دابمەزرێت. دەوڵەتێكی بەهێز و مۆدێرن و دیموكرات. با كەس خۆبەبچووكزان نەبێ و، نەڵێ ئەمە ناكرێ و مەحاڵە. با ڕێز لە خوێنی شەهیدانمان بگرین و بڕوامان بەخۆ بێت كە دەتوانین.




