جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە توندی سەركۆنەی كردەوە تیرۆریستییەكەی عەینكاوە دەكات

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی دا: "زۆر بە توندی سەركۆنەی ئەو كردەوە تیرۆریستییەی ئێوارەی ئەمڕۆی بەردەم قاوەخانەی نیلی لە شارۆچكەی عەینكاوە دەكەین كە بە هۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوون. ڕوونیشی دەكاتەوە كە: "دڵنیاین هاووڵاتیانی شارۆچكەی عەینكاوە و خوشك و برا مەسیحییەكانمان وەك هەمیشە لە پیلانی ناحەزان و تیرۆریستان گەورەترن و ئەو جۆرە كردەوانە تۆزقاڵێك لە ورەی بەرز و ئیرادەیان كەم ناكاتەوە".
ئەمەیش دەقی ڕاگەیەندراوەكەیە:
زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستییەی ئێوارەی ئەمڕۆ ١٧/٤/٢٠١٥ـی بەردەم قاوەخانەی نیلی لە شارۆچكەی عەینكاوە دەكەین كە بە هۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوون.
تیرۆریستان و تاریكپەرستان دەمێكە لە هەوڵی ئەوەدان ئارامی و سەقامگیریی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كورستان بشێوێنن، بەڵام هەمیشە بە هۆی چاوكراوەیی و هاوكاریی نێوان هاووڵاتیان و دەستگا ئەمنییەكان، ئەم هەوڵانەیان نەزۆك بوون و سەریان نەگرتووە.
دڵنیاین هاووڵاتیانی شارۆچكەی عەینكاوە و خوشك و برا مەسیحییەكانمان وەك هەمیشە لە پیلانی ناحەزان و تیرۆریستان گەورەترن و ئەو جۆرە كردەوانە تۆزقاڵێك لە ورەی بەرز و ئیرادەیان كەم ناكاتەوە.
سوپاسگوزاریی خۆمان ئاراستەی دەستگاكانی پۆلیس و ئاساییش و بەرگریی شارستانی و دكتۆر و پەرستار و كارمەندانی فریاكەوتن و تەواوی هاووڵاتیان دەكەین كە بە پەرۆشەوە بە هانای قوربانیانەوە هاتن و ڕووداوەكەیان كۆنتڕۆڵ كرد.
دەخوازین دەستگا و دامەزراوە ئەمنییەكان بە وردی لێكۆڵینەوە لەو رووداوە بكەن و ئەنجامەكەی بە رای گشتی و هاووڵاتیان رابگەیێنن.
لە خوای گەورە داواكارین شەهیدانمان بخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی و بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات، شیفای بەپەلەی بریندارانمان بدات و سێبووری و دڵنەوایی خانەوادەكانیان بدات.
انا للە و انا الیە راجعون
دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی پەرلەمان
١٧/٤/٢٠١٥




