له‌و چه‌كانه‌ى ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق ده‌ینێرێت، داوا كراوه ڕاسته‌وخۆ به‌شى پیشمه‌رگه‌یش بنێرن

به‌غدا-KDP.info- ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق ڕایده‌گه‌ینێت، عێراق پێویستى به چه‌كێكى زۆر هه‌یه بۆئه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى له ده‌ستى تیرۆریستانى داعشدایه ده‌ریبهێنێت، له هه‌مانكاتیش له قه‌یرانى دارایىدایه بۆیه داواى له ئه‌مه‌ریكا كردووه چه‌كى پێ بدات. ده‌یشڵێت، داوایان كردووه له ئه‌مه‌ریكا به‌شى پێشمه‌رگه ڕاسته‌وخۆ بنێرن بۆ هه‌رێمى كوردستان.
ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له‌ئه‌نجوومه‌نى نووێنه‌رانى عێراق(شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا) به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستانى راگه‌یاند: "سه‌ردانه‌كه‌ى (حه‌یده‌ر عه‌بادى) سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌كاتێكدایه كه عێراق پێویستى به چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى هه‌یه له‌و ناوچانه‌ى كه تیرۆریستانى داعشى تێدایه، بۆ به‌رگرى و پاككردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه، له‌به‌رامبه‌ریشدا عێراق نه‌ك تواناى كرینى چه‌كى نییه، به‌ڵكه به ڕاى من له مانگى 5 و 6 قه‌یرانى مووچه‌ش ده‌ست پێ بكات، بۆیه پێویستى به‌وه هه‌یه ئه‌مه‌ریكا چه‌كى پێ بفرۆشێت وه‌كو به‌شێك له‌و پابه‌ندییه‌ى له چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنى نێوانیان و، داواى عێراق ئه‌وه‌یه پاره‌ى چه‌كه‌كان بخرێته كاتێكى تره‌وه تا بتوانێت پاره‌كه بداته‌وه.''
(عه‌بدوڵڵا) له باره‌ى جۆرى چه‌كه‌كانیش گوتى: "ئه‌و چه‌كانه‌ى عێراق پێویستى پێیه، جگه له باسكردن له‌و فڕۆكانه‌ى كه عێراق پیش‌تر رێككه‌وتنى له‌باره‌یه‌وه كردووه، جۆرى چه‌كى سووك و مامناوه‌ند و قورسه؛ هاوكات پێویستیشى به هه‌ندێك ئامێرى ئه‌لیكترۆنى هه‌یه بۆئه‌وه‌ى بتوانی ئه‌و بۆمبه زۆره‌ى مه‌زنده ده‌كرێت له لایه‌ن تیرۆریستانى داعشه‌وه له شاره‌كانى ئه‌نبار و تكریت و مووسڵ چێنرابێت، پاك بكاته‌وه.''
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى، له‌باره‌ى پشكى هه‌رێمى كوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌یشه‌وه ده‌ڵێت، "ئه‌مه‌ریكا له ڕابردوودا به چڕى چاودێریى ئه‌و بابه‌ته‌ى كرد؛ منیش له‌گه‌ڵ كۆنسووڵخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا و فه‌ڕه‌نسا له عێراق ماوه‌ى دوو سه‌عات قسه‌م كرد و، ئه‌و بابه‌ته‌م بۆیان باس كرد كه پشكى هه‌رێمى كوردستان له چه‌كه‌كانى نێردراون وه‌كو خۆى نه‌گه‌یشتووه‌ته هێزى پێشمه‌رگه، له چاو قه‌باره و گه‌وره‌یى هێزى پێشمه‌رگه له به‌ره‌كانى شه‌ڕ، بۆیه داوام كرد له به‌شى خۆمان ئه‌و چه‌كه‌ى بۆ عێراق ده‌نێرن ڕاسته‌وخۆ بۆ هه‌رێمى كوردستانیشی بینێرن.''
(شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا) ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى زیاتر گوتى: "به‌رزبوونه‌وه‌ى ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له ناو كۆنگرێس و له وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا وا ده‌كات ڕاسته‌وخۆ چه‌ك به هێزى پێشمه‌رگه بده‌ن، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامى ئه‌و گوشارانه‌یه كه ئێمه خستوومانه‌ته سه‌ریان، هه‌موویان تێگه‌یشتوون كه پێشمه‌رگه وه‌كو پێویست چه‌كى پێ ناگات؛ بۆیه ئه‌گه‌ر له‌م قۆناغه‌ش بینێرێ، ئه‌وادیسان چاودێرى ده‌كات كه تا چه‌ند ده‌گاته حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان؛ ئه‌گه‌ر نه‌یشگات، جارێكى تر سه‌ركردایه‌تیى سیاسیمان ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه كه له ماوه‌ى رابردوو حكوومه‌تى عێراق چه‌ند چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى وه‌رگرتووه، تا به‌شى هه‌رێمى كوردستانى لێ بده‌ن و ئه‌وانه‌ى ماویش بتوانین وه‌ریبگرین.''
نه‌شوان به‌رزنجى




