عەتا سەراوی: قسەكانی كاڵكان زۆر نابەرپرسانەن و بۆی نییە دەست لە كاروباری باشوور وەربدات

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەڵێ، لێدوانەكانی (دوران كاڵكان) زۆر نابەرپرسانەن و دەستێوەردانێكی فاشیل و ساقیتن لە كاروباری باشووری كوردستاندا كە نەدەبوو ئەم جۆرە قسانە بكات. باوەڕیشی وایە كە، پێویست بوو زۆر زووتر (سەرۆك بارزانی) ئەو پەیامەی بڵاو كردبایەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (عەتا سەراوی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەوپەڕی توانا هەوڵی داوە پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان بەرەوپێش بچێت و لە زۆر بواردا یارمەتیی پەكەكەیان داوە، بۆیە نەدەبوو (دوران كاڵكان) ئەم جۆرە قسانەبكات، هەقیش نییە سەركردایەتی سیاسیی پارچەكانی تری كوردستان دەستێوەردانێكی وا فاشیل و ساقیت بكەن".
''نوێنەری خەڵكانی هەرێمی كوردستان تەنیا حزبەكانی هەرێمی كوردستانن
نەوەك (دوران كاڵكان)''
(سەراوی) دەشڵێت: "خەڵكی هەرێمی كوردستان بە دەنگدان ئەم حزبانەی هەڵبژاردووە و پەرلەمان و حكوومەتی بنكەفراوان پێك هێندراوە، نوێنەری خەڵكانی هەرێمی كوردستان تەنیا حزبەكانی هەرێمی كوردستانن نەوەك (دوران كاڵكان) كە لە باكووری كوردستانەوە بەو شێوازە قسە لەبارەی هەرێمەوە بكات و، خەڵكی باشووری كوردستان بەم نزایەی ئەو ناڵێن ئامین."
ڕوونیشی كردەوە كە، "ئەگەر لە حزبەكەی (دوران كاڵكان) جیاوای لە نێوان زاراوەكاندا هەیە، ئەوا ئێمە لە هەرێمی كوردستان جیاوازیمان لە نێوان بادینی و سۆرانی و هەر زاراوەیەكی تردا نەكردووە و لە هەموو شوێنێك حزبەكان كاری سیاسیی خۆمان دەكەین، خۆ ئێمە زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر سنووری شەڕمان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا هەیە، چۆن دەبێت ئاوا پشێوی دروست بكرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان گوتیشی: "ئەم لێدوانەی (دوران كاڵكان) زۆر نابەرپرسانەیە و پێویستە كۆی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پەیامێك بدەن بە پەكەكە و ئاگاداریان بكەنەوە كە ناكرێت كەسێكی بەرپرسیان بەو شێوازە خراپە قسە بكات".
''لێدوانی حزبەكان بەرانبەر بە یەكتر لە كەناڵە حزبی و بەناو سەربەخۆكان،
هەموو سنوورەكانی بەزاندووە''
ئاماژەیشی دا كە، دەبوو زۆر زووتر (سەرۆك بارزانی) ئەو پەیامەی بۆ پەرلەمان و حكوومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم ناردبا، چونكە لێدوانی حزبەكان بەرانبەر بە یەكتر لە كەناڵە حزبی و بەناو سەربەخۆكان، هەموو سنوورەكانی بەزاندووە و، لە چەند مانگی رابردوودا بۆنی شەڕی ناوخۆ هەستی پێ دەكرێت، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە هەموو حزبە كوردییەكان سنوورێك دیاری بكەن و دەست لە هێرشكردنەسەریەكتر هەڵبگرن."
سەرباز واحد




