٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كوردستانیان وەڵامی توندی (كاڵكان) دەدەنەوە: دیموكراسیتان خنكاندووە

سەرچاوە: KDP.info
 
دهۆك-KDP.info- سیاسەتمەدار، مامۆستایانی زانكۆ و كوردانی ئێزدی وەڵامی توندی (دۆران كاڵكان) دەدەنەوە و دەڵێن، كەسانی وەكو تۆ كە دوژمنكارانە دەڕواننە هەرێمی كوردستان، بۆتان نییە باش و خراپ باسی هەرێم بكەن، چونكە لە سنوورەكەتاندا دیموكراسیتان خنكاندووە.
 
سەرۆكی ئەنەكەسە لە كۆبانی (عەلی ئیبراهیم) بۆ ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو گوتانەی (كاڵكان) جوڵاندنی دەستێكی دەرەكییە دژ بە باشووری كوردستان و خزمەت بە نەیار و دوژمنانی گەلی كورد دەكات كە دەیانەوێت برایەتیی نێوماڵی كورد تێك بدەن، ئەوە لە كاتێكدایە كە ئێستا تیرۆریستانی داعش بوونەتە مەترسی بۆ سەر خاكی پیرۆزی كوردستان، بۆیە من وای دەبینم ئەوەی (دۆران) دەیكات، هەڕەشەیەكی دیكەیە".
 
(ئیبراهیم) دەشپرسێت: "ئایا (كاڵكان) لە باكوور و رۆژئاوا رازی دەبێت كەسێك خۆی بسەپێنێت؟ ئەو كارانەی كە لە رۆژئاوای كوردستان دەیكەن، ئەو سیاسەتەی ئەو باسی دەكات بۆ لە رۆژئاوا جێبەجێی ناكات؟، بڕوام وایە زۆر پیلان دژی باشووری كوردستان هەن، بۆیە دەبێت گشت لایەنە سیاسییەكانی باشوور ئاگاداری ئەو جۆرە پیلانانە بن، چونكە بە هیچ شێوەیەك خزمەت بە دۆزی ڕەوای میللەتی كورد ناكات، بەڵكە دروست پێچەوانەكەی ڕاستە".
 
''هەموو كەس باسی دیكتاتۆرییەت بكات،
(كالكان) بۆی نییە قسەی لەسەر ئەو بابەتە هەبێت''
 
سەرۆكی ئەنەكەسە زیاتر گوتی: "ئەو قسانەی (كاڵكان) دوورن لە گیانی نیشتمانپەروەری و بەرژەوەندیی نەتەوەیی، ئەو فرەحزبییەی لە باشووری كوردستان هەیە، لە سنووری پەكەكەدا ‌نییە و، خۆیان دەزانن لەناو ئەوان بە چ جۆرێك سیاسەت دەكرێت، بۆیە هەموو كەس باسی دیكتاتۆرییەت بكات، (كالكان) بۆی نییە قسەی لەسەر ئەو بابەتە هەبێت".
 
پێوەست بە هەمان پرس، مامۆستای زانكۆی دهۆك لە كۆلێژی یاسا و زانستە رامیارییەكان (د. ئیبراهیم محەممەد شەرەفانی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "وەكو دەز‌انین سستەمی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا لە رووی فەلسەفی و ئایدیۆلۆژی و یاساییەوە، لەسەر بنەمای دیموكراسییەت و رێزگرتنی مافی مرۆڤ و پێكەوەژیانی ئاشتیانە دامەزراوە، پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمایەتیدا زێدەباری پێشكەوتن و گەشەی ئاوەدانی لەسەر ئاستی نێوخۆییدا، باشترین وەڵامن بۆ ئەو كەسانەی باسی هەرێمی كوردستان دەكەن"‌.
 
''با هیچ كەسێك موزایەدە و یاریی سیاسی بە چارەنووسی ئەوانەوە نەكات و،
پێش دوژمنانیش دووبەرەكی نەخاتە ناو ماڵی كوردییەوە"
 
(شەرەفانی) گوتیشی: "كوردی ئێزدی خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری دەكەن و با هیچ كەسێك موزایەدە و یاریی سیاسی بە چارەنووسی ئەوانەوە نەكات و، پێش دوژمنانیش دووبەرەكی نەخاتە ناو ماڵی كوردییەوە".
 
لای خۆیەوە ‌كەسایەتیی كوردانی ئێزدی و سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (سەیدۆ چەتۆ)، لەسەر گوتەكانی (دۆران كاڵكان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خەڵكی سنووری شنگال ئەو كاتەی هاواری خۆیان گەیاندە پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئازادكردنی شنگال، هەموو هەوڵێكیان خستە گەڕ و ئێستایش سەدان پێشمەرگە شەهید و برینداری لەپێناو ناوچەكەماندا داوە كە ناوچەیەكی كوردستانییە، بە تایبەت شنگال خاك و خوێن و ئاو و خەڵكەكەیشی كوردستانین و هیچ كەسێكی وەكو (كاڵكان)‌ بۆی نییە دەست لە كاروباری شنگال وەربدات".
 
وەكو (سەرۆك بارزانی) فەرمووی،
خەڵكی شنگال خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن"
 
(سەیدۆ) ئاماژەیی دا: "من دەپرسم لە 3-ی مانگی ئابی پارساڵ ئێمە ناڵێین شنگاڵ كەوت، چونكە پێشمەرگە و خەڵكی شنگال لە چیای شنگال مانەوە و بەرگرییان كرد تا 18- 12-2014 كە پێشمەرگە قارەمانەكان گەییشتنە لایان و سنوورێكی بەرفراوانیان رزگار كرد، ئایا ئەو كەسانەی ئێستا وەكو (دۆران) قسە دەكەن، ئەوكات لە كوێ بوون؟ بۆیە بەو كەسانە و ئەوانی دیكەیش دەڵێین، وەكو (سەرۆك بارزانی) فەرمووی خەڵكی شنگال خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن".
 
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار