٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەممەد قادری: نابێ لێدوانەكانی كاڵكان دووبارە ببنەوە.. ئەزموونی باشوور بە ئاسانی بە دەست نەهاتووە

سەرچاوە: KDP.info
 
كۆیە-KDP.info- ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان (محەممەد نەزیف قادری)، قسەكانی (دۆران كاڵكان) بە هێنانەكایەی دۆخێكی نەگونجاوی سیاسی بۆ ئێستای كوردستان دەزانێت و دەڵێت، نابێ لێدوانی لەو شێوەیە دووبارە ببنەوە، چونكە ئەزموونی باشووری كوردستان بە ئاسانی نەهاتووەتە دەست.
 
ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان (محەممەد نەزیف قادری)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی، بە سیستەمێكی دیموكراتیكی دەزانین و لە هەڵبژاردنێكی گشتی و بە بەشداریی خەڵكی باشووری كوردستان ئەو سیستەمە دیاری كراوە بە بێ ئەوەی هیچ گوشارێك لەسەر شێوازی دیاریكردنی سیستەم هەبێت، بۆیە ئەم لێدوانانەی (دۆران كاڵكان) لەگەڵ ئەم ئەزموونەدا یەك ناگرێتەوە و دەبێت (دۆران) پێش هەموو لایەنەكانی دیكەوە ئەوە بزانێت كە ئەم ئەزموونەی باشووری كوردستان بە ئاسانی نەهاتووەتە دەست تا بە قسەیەك سیستەمەكەی بگۆڕدرێت".
 
(قادری) گوتیشی: "ئەم جۆرە قسانەی هاوشێوەی (كاڵكان) خزمەتی یەكپارچەیی كوردستان ناكات و سەركەوتن لەوەدایە كە لایەنە سیاییەكانی كوردستان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن و یەك ئیدارەی هاوبەش ‌دەربڕی هەموو لایەنەكانی باشووری كوردستان بێت، لە هەمان كاتدا دەستخستنەناو كاروباری پارچەكانی دیكەی كوردستان نادروستە، بۆیە ئەگەر لە هەر بارودۆخێكدا هەر پارچەكی كوردستان داوای هاوكاری بكات دەبێت هاوكاری بكرێت، بەڵام پێویستە واقیعی ئەو پارچەیە بخوێندرێتەوە".
 
ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكرات دەشڵێت: "داوا دەكەین لێدوانی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، چونكە بۆ هەموو لایەك وا باشترە نەبنە هۆی ناڕەحەتكردنی هاونیشتمانیانی پارچەكانی دیكەی كوردستان".
 

هەواڵی پەیوەندیدار