مەخمووری: لێدوانەکەی کالکان بێکەڵکە و بۆ ئێستا ناشێت

هەولێر-KDP.info- سکرتێری پارتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، پێویستە تایبەتمەندی ھەر پارچەیەکی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت و، دەست لە کاروباری پارچەکانی دیکە وەرنەدەین، وەکچۆن باشووری کوردستان ڕێزی لە پارچەکانی دیکە گرتووە و، دەست ناخاتە کاریانەوە، دەشێ ئەوانیش وا بن..دەیشڵێت، لێدوانەکەی (کالکان) بێکەڵکە و بۆ ئێستا ناشێت.
(غەفور مەخمووری) سکرتێری پارتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە تایبەتمەندی ھەر پارچەیەکی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت و، دەست لە کاروباری پارچەکانی دیکە وەرنەدەین، وەکچۆن باشووری کوردستان ڕێزی لە پارچەکانی دیکە گرتووە و، دەست ناخاتە کاریانەوە، دەشێ ئەوانیش وا بن."
(غەفوور مەخمووری) گوتیشی، لە باشووری کوردستان پەرلەمان و، حکوومەت و یاسای ھەیە و، 20 ساڵ زیاترە خۆمان بەڕیوە دەبەین و، هەرێمی کوردستان بەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەی بەستوویەتی، بووەتە دیفاکتۆ؛ هەر لەبەر ئەوەیش دوژمن چی پێ بکرێ دەیکا هەتا لەباری بباتەوە.
سکرتێری پارتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، باشووری کوردستان ھەمووی یەک یەکەی ئیداریە و، بە پێی یاسا کارەکانی ڕێک خراوە.
گوتیشی کە، لێدوانەکانی (دۆران کالکان) دەستوەردانە لە کاروباری ھەرێمی کوردستاندا و، بێ کەڵکەو بۆ ئێستا ناشێت.
بڵند ئیبراھیم




