٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەستەمە ئەمساڵ نەوت ٧٠ دۆلار زیاتر بکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-لە پێرێوە نرخی نەوت تۆزێک جووڵاوە؛ ئەمڕۆ، بەرمیلێک نەوت بە ٦٣ دۆلار مامەڵە کرا؛ شارەزایەکی بواری نەوت دەڵێت ڕەنگە نەوت کەمێکی تریش گران ببێت، بەڵام بەو هەموو قەیرانەوە هەیە، جارێ زەحمەتە ٧٠ دۆلار تێپەڕێنێت.
(دکتۆر ڕزگار) شارەزای بواری نەوت و، بڕیاربەدەستی لیژنەی نەوت‌وغاز لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نەوتیش هەرزان‌وگران دەبێ، بەڵام ئەگەر وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک کۆ ببنەوە و، دۆخەکە تاوتوێ بکەن، دەتوانن نرخی نەوت بەرز بکەنەوە. عێراق بەو گوێرەیە بوودجەی ٢٠١٥ـی داڕشتووە کە نەوت، بەرمیلێک ٥٦ دۆلار قیمەت بکات. جا ئەگەر لە ٥٦ دۆلار کەمتر نەبێ، بەو حاڵەیشەوە دوو بەشی بوودجەکەی پێ پڕ دەکرێتەوە و، بەشێکی کورت دەهێنێت؛ بەشکەم بە گرانبوونی نەوت، کورتهێنانەکەی پێ تێ هەڵبێتەوە و، پڕی بکاتەوە."
(دکتۆر ڕزگار) گوتیشی، ئەگەر کورتهێنانەکە کەم بکرێتەوە، بوودجەی وەبەرھێنان زیاد دەبێت، کەواتە زیاتر خزمەتی خەڵکەکەی پێ دەکرێت.
ئەو شارەزایەی بواری ئابووری ڕوونیشی کردەوە، کۆمپانیای زلهێززلهێزی وەکو شیڤرۆن و، گازپرۆم و، تۆتاڵ بازاڕی نەوت دەشڵەقێنن؛ هەڵبەت ململانێی سیاسی، بە تایبەتی قەیرانەکەی ئوکراین و، ڕووسیایش بازاڕی نەوتی شکاند. ئەگەر ئەو قەیرانە ببڕێتەوە، نەوتیش هەڵدەکشێت.
ئەو شارەزایە پێی وایە بەم هەموو قەیرانەی بڕستی لە بەر یەمەن و عێراق بڕیوە، ئەمساڵ تازە زەحمەتە نەوت ٧٠ دۆلار زیاتر بکات.
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار