نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان: کالکان کەسێکی نەشارەزای نەناسراوە

هەولێر-KDP.info- نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، (دوران کالکان) کەسێکی ناسراو و دیار نییە لەناو پەکەکە و، پتر وەک توندڕەوێک لە سەرکردایەتیی پەکەکە سەری هەڵداوە. هەڵبەت قسەکانی جێی بایەخ نییە و، هیچ جۆرە شارەزاییەکی لە سیستەمی حوکمڕانی دنیا نییە تاکو ڕێگە بە خۆی بدات قسە لەسەر هەرێم بکات.
دەقی ڕوونکردنەوەی نووسینگەی ڕاگەیێنگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ ڕای گشتی:
(دوران کالکان) ئەندامی کۆما جڤاکێ کوردستان کەجەکە هەرچەندە کەسێکی ناسراوی دیار نییە لەناو ئەو حزبە و پتر وەک توندڕەوێک لە سەرکردایەتیی پەکەکە سەری هەڵداوە، بەم دواییە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیی بڵاو کردووەتەوە و، لە چەند ماڵپەڕ و ڕۆژنامەیەک بڵاو کراوەتەوە بەوەی گلەیی لە سیستەمی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان هەیە و، بە مەرکەزی ناوی بردووە؛ ئەگەرچی ئێمە هەرگیز قسە و لێدوانەکانی ئەم بەڕێزە بە هی سەرکردایەتی کەجەکە و پەکەکە نازانین، بۆیە پێویست بەوە نەکرا سەرۆکایەتیی پەرلەمان خۆی مامەڵەی فەرمی لەگەڵ ئەو لێدوانە بکات و، کاتی خۆی بە فیڕۆ بدات، لەگەڵ ئەوەش وەک نووسینگەی ڕاگەیێنگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە پێوستمان زانی وەڵامێکی ئەو بەڕێزە بدەینەوە با خەڵک ڕاستییەکان وەک خۆی بزانێ و، بە وتەکانی ئەو بەڕێزە، هیچ جۆرە بەلاڕێدابردن یا چەواشەکارییەک نەیەتە ئاراوە و، هاووڵاتیان وەک خۆی لە ڕاستی پرسەکان بگەن.
چونکە ئەو پرسانەی (دوران کالکان) لەو دیدارە ورووژاندویەتی باس لە سیستەمی هەرێمی کوردستان دەکات بەوەی سیستەمێکی مەرکەزییە ئەمە لە کاتێکدا کە هەموو لایەک دەزانن، هەرێمی کوردستان لە ئاکامی ڕاپەرینە جەماوەرییە بێوێنەکەی بەهاری ١٩٩١ـی خەڵکی کوردستان و دواتر هەڵبژاردنی دیموکراسیانەی پەرلەمان و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ هاتە کایەوە و، سیستەمی فیدراڵی دیموکراسی پەرلەمانی پیادە کرد و، ئەوە بۆ چوار خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەچێت ئەم سیستەمە پەیڕەکراوە کە بە ئیرادەی ئازادیی خەڵکی ئەم هەرێمە بنیاد نراوە و زۆر بە ڕوونییش ڕەنگی داوەتەوە و، لە ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سیستەمێکی بەرفراوانی لامەرکەزیئیداری پیادە دەکرێت.
ئەوەی لەسەر زاری ئەم بەڕێزە گوتراوە لە هیچ شوێنێکی دنیادا بە بۆچوونێکی زانستیانە لەبارەی سیستەم پێناسە ناکرێ و، وەک زانراویشە ئەو بەڕێزە هیچ جۆرە شارەزاییەکی لە سیستەمی حوکمڕانیی دنیا نییە، بۆیە بە پێویستی نازانین هیچ بایەخێکی ئەوتۆی پێ بدەین، بەڵکو ورووژاندنی ئەو بابەتە لەو کاتوساتەدا تاکە مەبەستێک بپێکێ دووبەرەکینانەوەیە و درز دەخاتە ڕیزی گەلی کوردستانەوە، کە پێمان وایە ئەمرۆ گەلی کوردستان بەهۆی هەڕەشەکانی دوژمنانی داعش لە هەموو کات زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتی ڕەوشەکە دەکات و، ژیرانە و بەئاگا لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکان مامەڵە دەکات و، با بیریشی بهێنینەوە پەرلەمانی کوردستان تاکە مەرجەعی خەڵکی کوردستانە و، ئەگەر پێویست بکات بە سیستەمەکەیدا بچێتەوە و باشتری بکات، بێگومان لە هۆڵی ئەو پەرلەمانە دەبێ کە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی کوردستانە و، ئەو کارەی پێ دەکرێت.
لەبەر ئەوەی نەمانبینیوە ئەم بەڕێزە هیچ قسەیەکی لەسەر سیستەمەکانی دنیا هەبووبێ یاخود ڕاوێژی پێ کرابێ، بۆیە قسەکانی بە ڕاوێژ وەرناگرین و، گوێی پێ نادەین، چونکە وای وروژواندوە کە گوایە پرسی پێکهاتەکان، لەگەڵ سیستەمی ئێستادا ناگونجێ؛ ئێمە بە تەواوەتی ئەو بۆچوونەی ڕەت دەکەینەوە و، ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە و، هەر ئەو سیستەمەی لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک پەیڕەو دەکرێ لە هەموو ڕوویەکەوە توانیویەتی بە شایەتیی وڵاتانی دیموکراتی جیهانی پێشکەوتوو، نموونەی سیستەمیکی حوکمڕانی و پێکەوەژیانی سەرکەوتوو لە ناوچەکە بێنێتە کایە کە ئومێدی گەورەی بە شنگال و خانەقین و کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکان و هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە بە هەموو پێکهاتەکانی داوە کە ببنە بەشێک لە سیستەمی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان
پێمان وایە بەڕێزیان یان ئاگادار نین یاخود هەڵەیان تێ گەیاندووە و، لە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان خۆی دەکاتە نەزان و، زانیاریی نادروست لەسەر پێشکەوتنەکانی هەرێم بڵاو دەکاتەوە ئەوەی بیر چووەتەوە کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە پێگەی نێودەوڵەتی ژمارەیەکی بەهێزە و، خاوەن سیستەمێکی سیاسی سەرکەوتووە و، وڵاتان حسابی بۆ دەکەن و، شایەتیی سەرکەوتنی لە بوارە جیاجیاکان بۆ دەدەن.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان




