وردەکاریی دامەزراندنی دوو لیوای پێشمەرگە کە ئەمەریکا مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەکات

هەولێر-KDP.info-بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ دامەزراندنی دوو لیوی ھێزی پێشمەرگە کە ھەموو کارەکانی لەلایەن ئەمەریکاوە دەکرێت و، چاوەڕوانیش دەکرێت دامەزراندنی ئەو دوو لیوایە حەفتەی دادێ دەست پێ بکات.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (ئەنوەر حاجی عوسمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە دوو لیوای ھێزی پێشمەرگە لەسەر داواکاری ئەمەریکا دروست بکرێن کە خۆیان مەشق و ڕاھێنانیان پێ دەکەن و، پڕچەک دەکرێن و، ڕێک دەخرێن، کە ئەمەش بەپێی چەند مەرجێک دەبێت لەوانە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێت و، خاوەن بروانامەی سێی ناوەندی بێت بە لایەنی کەمەوە و، تەمەنی لە هەژدە کەمتر نەبێت و لە سی ساڵ زیاتر بێت.
(ئەنوەر حاجی عوسمان ) گوتیشی، ئێستا ئامادەکاری بۆ دروستکردنی ئەو دوو لیوایە دەکرێت و، چاوەڕوان دەکرێت حەفتەی دابێتەوە دەست پێ بکات و، دامەزراندنەکەش لە ھەر پارێزگایەک ڕێژەیەکی بۆ دیاری دەکرێت.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ئێمە پەلەمانە و، داواکارین بە زووترین کات ئەو دوو لیوایە تەواو بکرێن و، ئەمەریکاش تەواویان دەکەن و، ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگەی دەکەن و، لە چوارچێوەی ئەو ٢٤ لیوایەی پێشمەرگە دەبێت کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیان دەکەن.
بڵند ئیبراھیم




