ئاشکراکردنی کاتی ڕزگارکردنی مووسڵ جێگەی سەرسوڕمانە

مووسڵ-KDP.info- شارەزایەکی بواری سەربازی دەڵێ، بە لامەوە سەیرە کاتی هێرشکردنی مووسڵ ئاشکرا دەکرێت، چونکە لە هیچ وڵاتێکی دنیا شتی وا نەبووە! بەڵام ئەمە تەنها بۆ ڕازیکردنی خەڵکە، لەبەر ئەوەی زۆر بەڵێنیان بە خەڵک داوە.
(عادل بەرواری) شارەزای بواری سەربازی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی عێراق لە شەڕی ڕزگارکردنی تکریت ئەوان وایان دانابوو بەو هێزەی لە بەر دەستیاندایە دەتوانن ناوچەکە ئازاد بکەن بەبێ وڵاتانی هاوپەیمان و کورد، بەڵام بە هاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکان بە زۆر توانییان تەنها تکریت ڕزگار بکەن و، چەند ناوچەیەکی تاوەکو ئێستاش ماوە، دواتر بە هەمان شێوە چوون بۆ ڕومادی، بەڵام بینیمان سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە داوای هاوکاری دەکەن بۆ ئازادکردنی ڕومادی، چونکە ڕێگای نێوان بێجی و مووسڵ زیاتر لە ١٠٠ کم، بۆیە تاوەکو ڕومادی ئازاد نەکرێت لەگەڵ بەشەکانی سەر بە تکریت، ئازادکردنی مووسڵ ئاسان نییە.
(عادل بەرواری) گوتیشی، ئاشکراکردنی کاتی ڕزگارکردنی موسڵ بۆ ئەوەیە دڵی خەڵک خۆش بیت وپروپاگندەیە بۆ حکومەتی خۆی دەکات، چونکە گوشارێکی لەسەر هەیە و، دەیەوێت بەم شێوەیە کەمی بکاتەوە.
(بەرواری) ڕایشیگەیاند: لە هەموو جیهان ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هەر شوێنێک بە نەهێنییە و، ئاشکرا ناکرێت، بۆیە ئاشکراکردنی کاتی ڕزگارکردنی مووسڵ بە لای منەوە جێی سەرسوڕمانە و، لە جێی خۆیدا نییە، بەڵام ئەمە بۆ ڕازیکردنی خەڵکە، چونکە زۆر بەڵێنی بە خەڵک درابوو کە دوای تکریت مووسڵ ڕزگار دەکرێت.
بڵند ئیبراهیم




