كارتی زیرەك بۆ هەر خێزانێكی ئاوارە دروست دەكرێت

هەولێر -KDP.info- وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێ، کارتی زیرەک بۆ هەموو خێزانە ئاوارەیەک دروست دەکرێت، كە بە هۆیەوە هەموو حیسابێكی مووچە و یارمەتییەكانی دەچێتە سەر، بۆ ئەمەیش داوای كرد كە هەر خێزانێك لە ڕێگەی ژمارەی مۆبایلەوە ئاگادار دەكرێتەوە كە كەی نۆرەی دروستكردنی ئەو كارتەی دێت.
(نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر پێشوازی كرد لە (د. دەرباز جاف) وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی فیدراڵ، دوای كۆبوونەوەیەك هەردوو لا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو كارێك بكرێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی ئەو كۆچبەرانەی كە لە ترسی هێرشەكانی داعش و جەنگ لە ناوچەكانی خۆیان جێ هێشتووە، كە پێكهاتەی هەموو نەتەوە و تایفە و ئایین و مەزهەبێكن لە عێراق، هەرێمی كوردستان بەو پەڕی سینگفراوانییەوە پێشوازی لێ كردوون، لەمبارەیەوە هەردوو لا جەختیان لەوەش كردەوە جیا لە پێشوازیكردنی ئاوارە و كۆچبەر پێویستە هەموو هاوكارییەك پێشكەش بەوانە بكرێت كە ناوچەكانیان ئازاد كراوە و، دەیانەوێ بەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، بە تایبەت ئاوارەكانی كۆبانی و ڕۆژئاوا بە گشتی، ئێستا خەریكن بە لێشاو دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
پاشان وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و، پارێزگاری هەولێر گەیشتنە كەمپی ئاوارەكان لە عەنكاوە، كە پڕۆژەی دروستكردنی 1000 كەرەڤانەی ئامادەكراو بە كۆتا هاتبوو بەسەریان كردەوە، پڕۆژەیەكە لەلایەن وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق پارەی بۆ تەرخان كردبوو و، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆو هەماهەنگی تەواوی پارێزگاری هەولێر پڕۆژەكە جێبەجێ كرا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیش دكتۆر دەرباز جاف وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سوپاسی ئەو هەماهەنگییەی پارێزگاری هەولێری كرد كە بەوپەڕی ئەركەوە پێشوازی و، خزمەتی ئاوارەكان دەكەن، پارێزگاری هەولێریش ئەوەی گوت كە لە داهاتوو لەو كەمپەدا خزمەتگوزاری قوتابخانە و بنكەی تەندروستی ئامادە دەكرێت.
سەبارەت بە پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەكانی عێراق، ئەو وەزیرە عێراقییە گوتی: "خەریكی دروستكردنی كارتی زیرەكین بۆ هەموو خێزانە ئاوارەكان كە بە هۆیەوە هەموو حیسابێكی مووچە و یارمەتییەكانی دەچێتە سەر، بۆ ئەمە داوای كرد كە هەر خێزانێك لە ڕێگەی ژمارەی مۆبایلەوە ئاگادار دەكرێتەوە كە كەی نۆرەی دروستكردنی ئەو كارتەی دێت، داوایشی كرد كەس بێ ئاگاداركردنەوەی وەزارەتی كۆچ نەیەت داوای ئەو كارتە بكات و قەرەباڵغی دروست بكات.
پارێزگاری هەولێریش ڕایگەیاند ژمارەیەك لە ئاوارەی دیكە بەهۆی جەنگی ئازادی ڕوویان لە هەرێم كردووە، گوتیشی، چاوەڕێ دەكرێت لە شەڕی ئازادکردنی مووسڵ هێشتا ئاوارەی دیكەش ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.
كەنعان بەهادین




