پڕۆژەیاسایەك بۆ بوونی زاخۆ بە پایتەختی بازرگانی پێشكەش كراوە

زاخۆ- KDP.info - پەرلەمانتارێكی كوردستان لە فڕاكسیۆنی زەرد ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسایەكیان پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە بۆ ئەوەی زاخۆ ببێتە پایتەختی بازرگانی.
پەرلەمانتاری كوردستان لە فڕاكسیۆنی زەرد (عەلی هالۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە بە واژۆی 8 پەرلەمانتاری كوردستان لە زاخۆ و ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكە پڕۆژەبڕیارێكمان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كردووە تێیدا داوامان كردووە زاخۆ بكرێت بە پایتەختی بازرگانی و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت". .
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ڕاشیگەیاند: "زاخۆ شارێكی بازرگانیە لە نێوان باشووری كوردستان، عێراق و سووریا و توركیایه و لە رێگای توركیایشەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا، رۆژانەیش بە سەدان بارهەڵگر و ئۆتۆمبێل هاتوچۆ بە سنووری ئیبراهیم خەلیلدا دەكەن بۆ هەرێمی كوردستان، بە سەدان كۆمپانیای نێوخۆیی و بیانییش لەو شارەن، لەبەر ئەم هۆكارانە دەمانەوێت ببێتە پایتەختی بازرگانی".
(هالۆ) زیاتر گوتیشی: "مەبەستمان ئەوەیە بە پایتەختی بازرگانیی زاخۆ، زیاتر خزمەت بەو دەڤەرە بكرێت و پڕۆژەی زیاتر و ستراتیژی و گەورە پێشكەش بەو شارە بكرێت، هەروەها بازاڕی ئازادی نێودەوڵەتی لە زاخۆ بكرێتەوە بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابووری بگەشێتەوە و خەڵكیش لێی سوودمەند بن".
نەشوان بەرزنجی




