٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فرسەت سۆفی: پەرلەمان بە دەست موزایەدەی سیاسییەوە دەناڵێنێت

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، یاساكانی پەرلەمان لەبەر چەند هۆكارێكی سیاسی وەك خۆیان تێناپەڕن، بۆیە دەبێت پەرلەمان لە موزایەدەی سیاسی دوور بكەوێتەوە. بڕوایشی وایە كە، بەشێك لە پەرلەمانتاران لە كاری پەرلەمانی نەگەییشتوون و ئەوەندەی بیر لە كارە سیاسییەكان دەكەنەوە، هێندە گرینگی بە یاساكان نادەن.
 
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان (فرسەت سۆفی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "یاساكانی پەرلەمان لەبەر چەند هۆكارێك بە ڕێڕەوی خۆیاندا ناڕۆن".
(سۆفی) گوتیشی: "لە پەرلەمانی كوردستان فرەحزبی دەبینرێت، ئەمەیش وا دەكات كە زۆربەی كوتلەكان دەرچوونی یاساكان بكەنە هەلێك و بە خەڵێك بڵێن كە كاریگەریمان لە پەرلەمان هەبووە، ئەمە حاڵەتێكی ئاساییە، بەڵام ئەوە نائاساییە بە شێوەیەكی ئاسایی ململانێی دیموكراتی ناكرێت، چونكە هەندێك بابەت هەن لایەنەكان دەزانن ناكرێنە یاسا و ئەو توانا داراییە نییە ئەگەر ئەو یاسایە دەریش بچێت جێبەجێ بكرێت، بەڵام بۆ چەواشەكردن و خۆڵكردنەچاوی خەڵك لایەنەكان هەردەڵێن فڵانە پێشنیازمان پێشكەش كردووە لە كاتێكدا نابێت پرۆژەی یاسایی و دەركردنی پڕۆژەیاسا بكرێتە چەكێكی سیاسی".
 
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "بەداخەوە زۆر جار خەڵك ئەو دەستەواژانە وەك خۆیان وەردەگرن و وادەزانن ئەگەر خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاساكە كرا، ئەوا تەواو دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە كە بە راستی پەرلەمان بە دەست ئەم موزایەداتانەوە دەناڵێنێت". 
بە گوتەی (سۆفی)، پێكهاتەی ئەندامانی پەرلەمان وایە كە بە داخەوە بەشێك لە پەرلەمانتاران لە كاری پەرلەمانی نەگەییشتوون و ئەوەندەی بیر لە كارە سیاسییەكان دەكەنەوە، هێندە گرینگیبە یاساكان نادەن.
 
كارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار