خانووەكانی رواندز تاپۆ دەكرێن

رواندز-KDP.info- بە هۆی زۆریی ژمارەی دانیشتووان و كەمیی ڕووبەری شارۆچكەی رواندز، بەشێك لە هاووڵاتیان خانوویان لە دەرەوەی شار دروست كردووە، سەرۆكی شارەوانیی رواندزیش دەڵێت، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە لیژنەیەكی تایبەت پێك هێنراوە و بە هاوكاری شارەوانی و تاپۆی رواندز، تەواوی خانووەكان تاپۆ دەكرێن.
سەرۆكی شارەوانیی رواندز (عیسا مەمەدەڕەش) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە رواندز ئەو بەشەی نەخشەی كەرتی بوو، لەوێ گرفتێكی ئەوتۆ نییە، بەڵكە ئەو گرفتەی هەیە لە سەنتەری شاری رواندزە و ئەو خانووانەی زیاتر لە 100 ساڵە دروست كراون و یان كۆنن، كاتی خۆی لەسەر سیستەمێكی باش رێك نەخراون و خانووەكان بە هەڕەمەكی دروست كراون و تاپۆ نەكراون، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە دوای وەرگرتنی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەكی تایبەت پێك هاتووە، كە نوێنەری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی تێدایە لەگەڵ نوێنەری شارەوانی و تاپۆی رواندز، هەماهەنگی كراوە بۆ ئەوەی هەموو ئەو خانووانەی كە كەوتوونەتە ناو شارەوانیی رواندزەوە، تاپۆ بكرێن".
گوتیشی: "بەڵام تاپۆكردنی خانووەكان هەندێك رێنمایی تایبەتی خۆی هەیە، كە بە زێدەڕۆیی دروست نەكرابن و شوێنی پڕۆژە نەبن، لەگەڵ ئەوەیشدا ئاسانكارییەكی باش بۆ هاووڵاتیانی رواندز دەكرێت، بۆ ئەوەی خانووەكان تاپۆ بكرێن، كە ئەوەیش دەستكەوتێكی زۆر گەورەیە بۆ خەڵكی رواندز".
رابین شێروانی




