كۆمسیۆنی پەنابەران: رەوشی ئاوارەكان لە هەرێم لەبارە و مایەی پێزانینی UN و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە

هەولێر-KDP.info- لە دیدارێكیاندا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، شاندێكی باڵای كۆمسیۆنی كاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ستاییشی رۆڵی مرۆییانە و بەدەنگەوەهاتن و كۆمەك و هاوكارییەكانی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد.
لە دیدارێكیاندا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی)، شاندێكی باڵای كۆمسیۆنی كاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كە پێك هاتبوو لە یاریدەری ئەمینداری گشتی لە كۆمسیۆنی باڵای پەنابەران (ڤۆلگەر تارك) و نوێنەری كۆمسیۆنی باڵای پەنابەران لە عێراق (نیل رایت) و نوێنەری كۆمسیۆنەكە لە هەرێمی كوردستان (ئیمانۆئێل گانیك)، ستاییشی رۆڵی مرۆییانە و بەدەنگەوەهاتن و كۆمەك و هاوكارییەكانی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد، بۆ لەخۆگرتن و داڵدەدان و حەواندنەوەی پتر لە دووملیۆن ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستاندا، كە چ لە رێگەی پارێزگاكان و چ لە رێگەی كۆمەكی میللی و جەماوەری و چ لە رێگەی دەستگا و دامەزراوە خێرخوازییەكانیانەوە خزمەتی ئاوارە و پەنابەرانیان كردووە و بەشێكی زۆری مەینەتی و خەمەكانیان لە ئەستۆ گرتووە و تارادەیەك رەوشی ژیان و گوزەرانیان لەبارە، كە ئەوەیش بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مایەی رێز و پێزانینە.
لە دوای بەسەركردنەوەی مەیدانییشیان بۆ كەمپەكانی دەوروبەری هەولێر و ئاشنابوونی لەنزیكەوەی رەوشی ژیان و گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران، ستاییشی رۆڵی پارێزگا و ئەو هەماهەنگییە ئەرێنییانەیان كرد لەگەڵ ستافەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و تێكڕای ئاژانس و رێكخراوە نێونەتەوەییەكان كە بووەتە مایەی پێشوەچوونی رەوشی ئاوارەكان و باشتربوونی گوزەرانیان و فەراهەمكردنی زوربەی هەرەزۆری پێداویستی و خزمەتگوزارییە پێویستەكانیان.
جەختیشیان لە پێویستبوونی كاراتركردنی هەماهەنگی و رۆڵی حكوومەتی فیدراڵی لەم بوارەدا كردەوە بە تایبەتیش كە هەرێمی كوردستان دووچاری قەیران و كەمیی بوودجە و گوشارێكی ئابووری بووەتەوە و ئاستەنگی زۆری لە پێشدایە، بە تایبەتیش لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و شەڕی دژەتیرۆر كە مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و بووەتە مایەی ترس و تۆقاندنی خەڵكی سڤیل.




