لە بەرانبەر بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاساییشدا، حوسییەكان داوای خۆپێشاندانی سەرتاسەری دەكەن
__2015_04_15_h12m55s27__ER.jpg)
یەمەن-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "بیبیسی" دوێنێ سێشەممە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری ئابڵووقەی چەكی بەسەر حوسییەكاندا سەپاند و ڕێگرییشی لە هێرشە ئاسمانییەكانی سەریان نەكرد، لە بەرانبەردا حوسییەكانیش سەركۆنەی بڕیارەكە دەكەن و داوای خۆپێشاندان دەكەن.
كۆمیتەی باڵای شۆڕشی حوسییەكان داوای لە خەڵكی یەمەن كرد هەموویان ڕۆژی پێنجشەممە بەشداریی خۆپێشاندانی سەرتاسەری بكەن بۆ ئیدانەكردنی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاساییش، هاوكات بڕیارەكەیان بە پشتگیریكردنی دوژمنەكانیان زانی.
هەر لەسەر بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاساییش، باڵیۆزی عەرەبستان لە نەتەوە یەكگرتووەكان (عەبدوڵڵا ئەلموعەلیمی) گوتی، ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە بڕیارەكە ڕیگا بە درێژەدان بە هێرشە ئاسمانییەكان دەدات.
هەروەها بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاساییش سزای ئابڵووقەی خستووەتە سەر سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنی یەمەن، لەوانە (عەبدولمەلیك حوسی، عەبدولخالق حوسی، عەبدوڵڵا یەحیا حەكیم)، هەروەها ئابڵووقەكە (عەلی عەبدوڵڵا ساڵح) و (ئەحمەد)ـی كوڕیشی دەگرێتەوە.
جگە لە سزای ئابڵووقەخستنەسەر، بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاساییش داوای لە حوسییەكان كردووە لە هەموو ئەو شوێنانە بكشێنەوە كە دەستیان بەسەردا گرتوون بە (سەنعا)ـی پایتەختیشەوە و دەست بە گفتوگۆكان بكەنەوە بە ئاڕاستەی گوازتنەوەی دەسەڵات بە ڕێگای دیموكراتی.
شیاوی گوتنە، بە هۆی پێكدادانەكانەوە لە یەمەن، نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، لە (٢٦)ـی ئازارەوە (٧٣٦) كەس كوژراون و (٢٧٠٠) كەس بریندار بوون، بەڵام بەرپرسان پێیان وایە ڕێژەی قوربانیان زۆر لەوە بەرزترە.
لە تازەترین بەرەوپێشچوونەكانیشدا (قاعیدە)ـی یەمەن گوتی، بە هۆی هێرشە ئاسمانییەكانەوە سەركردەكەیان كوژراوە، بەپێی ڕاپۆرتەكەی "بیبیسی"ـیش تاوەكو ئێستا لەلایەن دەزگا ئاساییشییەكانی یەمەنەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە (ئیبراهیم ئەلڕوبەیشی) كوژرابێت، پێشتر ئەمەریكا (٥) ملیۆن دۆلاری وەكو بەخشش بۆ سەری (ئەلڕوبەیشی) تەرخان كردبوو.
(ئەلڕوبەیشی) گەورەبەرپرسی (قاعیدە)ـی یەمەنە و پێشتر لە زیندانی گوانتانێمۆ لە ساڵی (٢٠٠٦)ـدا ئازاد كرابوو.
و/ خالید ئەحمەد




