عەبادی داوا دەکات ئەمەریکا بە قەرز چەکی پێ بدات

بەغدا-KDP.info-سەرۆکوەزیرانی عێراق کە چووەتە سەردانی ئەمەریکا داوای کردووە کە ئەمەریکا بە قەرز چەکوچۆڵ بداتە عێراق، تا شەڕی تیرۆریستانی داعشی پێ بکات.
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە کە عێراق بڕیاری داوە ئەنبار و مووسڵ لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکات، بۆیە لەبەر گرینگی و قورسیی شەڕی ئەو دوو پارێزگایە، عێراق پێویستی بە ھێزی ھاوپەیمانانە و، جگە لەوە پێویستی بە چەک و تەقەمەنییەکی زۆر ھەیە و، ئێستا بەھۆی قەیرانی دارایی ناتوانێ ئەو چەک و تەقەمەنییە دابین بکات؛ ڕەنگە زۆر وڵات ئامادەی پێدانی چەک و تەقەمەنی بن، بەڵام بە قەرز نایدەن، بۆیە داوای لە ئەمەریکا کردووە بە قەرز بیداتێ تا قەیرانی دارایی چارە دەبێت."
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "جگە لەوەش ئەمەریکا لەوە ئاگادار دەکاتەوە ئەو شەڕە حکوومەت دەیکات نەک میلیشیاکان، چونکە لە دوای ئازادکردنی تکریت کۆمەڵێک گومان دروست بووە، بەڵام ڕەنگە ئەمەریکاش لەبەرامبەر ئەمەدا کۆمەڵێک مەرجی ھەبێت."
(شاخەوان عەبدوڵا) ڕوونیشی کردەوە، ھەرێمی کوردستانیش ئاگاداری ئەجیندای سەردانی سەرۆکوەزیرانە بۆ ئەمەریکا، چونکە بۆ ئازادکردنی مووسڵ پێویستە پەیامی ھەرێمی کوردستانیشی پێ بێت و، کاتێک ھاتووە بۆ ھەرێمی کوردستان ئەو پەیامەی وەرگرتووە.
بڵند ئیبراھیم




