ئاگادار نین داعشان ئافرەتانی ئێزدییان بۆ ئەنبار گواستبێتەوە

بەغدا-KDP.info-ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ ئێمە ئاگادار نین داعشان ئافرەتانی ئێزدیان بۆ شاری ئەنبار گواستبێتەوە تا بیانفرۆشن. دەیشڵێ، هەر ئەمڕۆ دەست دەكەن بە كۆڵینەوە لەو بابەتە و، گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست.
چەند كەناڵ و ئاژانسێكی هەواڵ بڵاویان كردووەتەوە گوایە گروپی تیرۆریستی داعش، لە شاری فەلووجە، بازاڕێكی تایبەتی بە فرۆشتنی ئافرەتی كوردی ئێزدییان كردووەتەوە. پێوەست بەم بابەتە، (د. ئەشواق جاف) ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمرۆ لە پەرلەمانی عێراق باسی شتی وا نەكراوە و، وەكو لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانیش شتێكی وامان نەبیستووە. بەڵام هەر ئەمڕۆ بەدواداچوون بۆ ئەم هەواڵە دەكەین بۆ ئەوەی بە ڕاستی بابەتەكە بگەین؛ هیوادارین وایش نەبێت، ئەگەر ڕاستیش بێت دەست دەكەین بە كۆكردنەوەی زانیاری لە سەرۆكهۆزە عەرەبەكانی ناوچەی ئەنبار بۆ ئەوەی بتوانین كارێك بكەین ئەو ئافرەتانە لە دەستی ئەم تیرۆریستانە ڕزگار بكەین بە سەلامەتی."
لەبارەی كارە نامرۆڤانەكانی داعش دژ بە گەلی كورد (د. ئەشواق جاف) ڕوونی كردەوە كە: "داعش تەنها ڕێكخراوێكی تیرۆریستیە و دوورن لە هەموو بنەما ئایینیەكان. چۆن جاران ڕژێمی بەعس كوردانی بێتاوانی دەگواستەوە بۆ ناوچەكانی خواروی عێراق و ئەنفالی دەكردن، داعشیش هەمان كار بەرانبەر بە كورد دەكات، بگرە زۆر لە ڕژێم خراپتریشە, بەڵام نە ئەو هەوڵانەی ڕژێمی بەعس و نە ئەو كارانەی داعش ناتوانن كورد لاواز بكەن و ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگری لە ئافرەتانی ئێزدی."
سەرباز واحید




